هاکان فیدان: لەگەڵ ئەمریکییەکان زۆرترین کات لەبارەی یەپەگە و سووریا قسە دەکەین


رووداو دیجیتاڵ

وەزیری دەرەوەی تورکیا دەڵێ، لە کاتێکدا دۆخی سووریا بەرەو باشی دەچوو، لە لازقیە و سوەیدا کۆمەڵێک رووداو روویاندا و هەسەدەش پاشەکشەی لە رێککەوتنی 10ـی ئادار کرد؛ ئاماژە بەوەش دەکات، ئەو دۆخەی لە سووریادا هاتوەتە ئاراوە وایکردووە زۆرترین کات لەبارەی "یەپەگە" و سووریا لەگەڵ ئەمریکییەکاندا قسە بکەن.
 
هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا لە کاتی بەشداریکردنی لە بەرنامەیەکی تەلەڤیزیۆنیدا هەڵسەنگاندنی بۆ دۆخی سووریا و ناوچەکە کرد. 
 
بەشێکی گوتەکانی وەزیری دەرەوەی تورکیا لەبارەی دۆخی ئەم دوو ساڵەی رابردووی ناوچەکە بوو و گوتی: "گەورەترین مەترسی، مەترسیی بەردەوامبوونی فراوانخوازیی ئیسرائیلە لە رێگەی سووریاوە. ئەو بابەتەی زۆرترین قسەی لەسەر دەکەین و راوێژی لەبارەوە دەکەین و لەگەڵ ئەمریکییەکانیش باسی دەکەین، هەر ئەم بابەتەیە".
 
هاکان فیدان گوتی: "لەگەڵ دۆستە ئەمریکییەکانمان قسە دەکەین. وەک دەزانن ئەوانیش لەگەڵ یەپەگە قسە دەکەن".
 
"بابەتی سووریا زۆر بە جیدی وەردەگرین"
 
وەزیری دەرەوەی تورکیا ئاماژەی بەوەدا، پەیوەندیی بەردەوام و بەهێزیان لەگەڵ حکومەتی سووریا هەیە و باسی لە سەردانە باڵاکانی نێوان هەردوو وڵات کرد.
 
هاکان فیدان گوتی: "بابەتی سووریا زۆر بە جیدی بەڕێوەدەبەین. دەستەیەکی باڵای ستراتیژی بە سەرۆکایەتیی جەودەت یڵماز، یاریدەدەری سەرۆککۆمار و بە بەشداریی وەزارەتە پەیوەندیدارەکان هەیە بۆ ئەوەی بابەتەکانی پەیوەست بە سووریا بە زووترین کات چارەسەر بکرێن. بابەتی پەنابەران، وزە، بازرگانی، دەروازە سنوورییەکان و هاوکارییەکان و زۆر بابەتی دیکە هەن".
 
وەزیری دەرەوەی تورکیا ئاماژەی بەوە کرد، دامەزراوەکانی دەوڵەت لە سووریا نوێن و پێویستە بنیادبنرێنەوە و گوتی: "لە هەندێک شوێندا خۆمان ئەو ئەرکە لە ئەستۆ دەگرین، بەڵام دواجار پەیوەندییەکانی تورکیا-سووریا و پەیوەندییەکانی تورکیا لەگەڵ وڵاتانی دیکە لەسەر بابەتەکانی پەیوەست بە سووریا، بە شێوەیەکی زۆر پلان بۆ داڕێژراو و سیستماتیک بەڕێوەدەچن".
 
تێکەڵکردنی هەسەدە و وەزارەتی بەرگریی سووریا
 
لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە گەڕانەوەی دەسەڵاتی حکومەتی سووریا بۆ ناوچە جیاوازەکانی ئەو وڵاتە، هاکان فیدان گوتی: "بابەتێکە زۆر لە نزیکەوە چاودێریی دەکەین. ئێستا یەکەم پڕۆژەی گەورە، کۆکردنەوەی گرووپە چەکدارەکانی وڵاتەکەیە لە ژێر چەتری یەک هێزی چەکداردا. مەبەستم یەپەگە و شتی دیکە نییە. گرووپەکانی بەرگری، گرووپە ئۆپۆزیسیۆنەکان و گرووپە چەکدارە جیاوازەکان لە باکوور و باشوور. کارێکی گەورە کراوە و تاوەکو رادەیەکی زۆر جێبەجێ کراوە".
 
وەزیری دەرەوەی تورکیا ئاماژەی بەوەدا، لە کاتێکدا دۆخی سووریا بەرەو باشی دەچوو، لە لازقیە و سوەیدا کۆمەڵێک رووداو سەریان هەڵدا و گوتی: "یەپەگە دەستی بە پڕۆسەی پاشەکشەکردن لە رێککەوتنی 10ـی ئادار کرد و چالاکییەکانی بنیاتنانی توانای دامەزراوەیی و ئاساییکردنەوەی وڵات بۆ ماوەیەک راوەستان. سیستمیش هەموو قورسایی و سەرنجی خۆی خستە سەر ناوچە قەیراناوییەکان."
 
هاکان فیدان لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە رێککەوتنی 10ـی ئادار گوتی: "کشانەوەی دەستبەجێی یەپەگە لەو شوێنانەی دانیشتووانەکەی عەرەبن، هەنگاوی یەکەمە و ئەو بابەتەیە کە دەبێت لە قۆناخی یەکەمدا بکرێ. بەڵام ئەمە بابەتێک نییە کە هێشتا دەست بە جێبەجێکردنی کرابێت. هەر لە سەرەتاوە بێزارییەک لەنێو هۆزە عەرەبەکاندا هەبوو. هەمووان ئێستا چاوەڕێی ئەوە دەکەن ئەمە چارەسەر بکرێ. لە ئەگەری چارەسەرنەکردنی، پێشبینی سەرهەڵدانی پێکدادانی زۆر تووند دەبێ ".
 
بەشێک لە پارێزگاکانی رەققە و دێرەزوور لە ژێر دەستی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەردان و وەزیری دەرەوەی تورکیاش لەو بارەیەوە گوتی: "وەک دەزانن دێرەزوور شوێنێکە زۆرینەی دانیشتووانەکەی عەرەبن. سەبارەت بە دێرەزوور، هێشتا لەسەر کاخەز رێککەوتنێک نەکراوە. لێرەدا دەبینین یەپەگە چۆن مامەڵە دەکات. پێویستە یەپەگە  ئەو هەڵوێستە داگیرکارییەی بە زووترین کات نەهێڵێت".
 
هاکان فیدان هەروەها رایگەیاند: "لەگەڵ دۆستە ئەمریکییەکانیشمان قسە دەکەین. وەک دەزانن ئەوانیش لەگەڵ یەپەگە قسە دەکەن. چەندین جار ئەوەمان گوتووە، پرسەکە بۆ ئێمە پەیوەندی بە ئاسایشی نیشتمانیی خۆمانەوە هەیە ".
 
وەزیری دەرەوەی تورکیا رایگەیاند، پەکەکە کاریگەری لەسەر وڵاتەکەی هەبووە، ئەگەر کەمیش بووبێت و پەیامێکی بۆ ئەو وڵاتانە هەبوو کە گوایە پەکەکە یان لقی پەکەکەیان تێدایە و رایگەیاند: "تورکیا وڵاتێکی بەهێزە. رەنگە تایەکی سووکمان لێبێت، بەڵام ئەگەر ئەمە بچێتە ناوتانەوە، دەتانکوژێ. ئێوە ناتوانن بەرگەی بگرن، لاوازن، دەرفەت و جەستە و هێزتان لاوازە، ئەمە وەرمەگرن. ئەگەر وەریبگرن دەمرن ".
 
وەزیری دەرەوەی تورکیا لەبارەی بۆردوومانەکانی ئیسرائیل و هەنگاوەکانی دیکەی ئەو وڵاتە لە سووریاش قسەی کرد  و گوتی: "گەورەترین مەترسی، مەترسیی بەردەوامیی فراوانخوازیی ئیسرائیلە لە رێگەی سووریاوە. ئەمە ئەو بابەتەیە کە زۆرترین قسەمان لەسەر کردووە، راوێژمان لەبارەیەوە کردووە و لەگەڵ ئەمریکییەکانیش باسمان کردووە. پێویستە ئیسرائیل واز لەمە بهێنێت. بەدەستهێنانی ئاسایش لەسەر حیسابی نائارامی و لاوازیی ئەوانی دیکە، لە رێگەی هێشتنەوەی وڵاتانی دراوسێ بە لاوازی و دابەشبوویی، ستراتیژییەتێکی پڕمەترسی و مەترسیدارە."
 
"پرسی سووریا پەیوەندی بە تورکیاوە هەیە"
 
هاکان فیدان باسی لەوە کرد، پرسی سووریا پرسێکی ئاسایشی نیشتمانیی پلە یەکە لای تورکیا و رایگەیاند: "هەر شتێک لەوێ رووبدات، پەیوەندی بە یەکپارچەیی خاکی من لێرە، ماڵ، گیان و خوێنی هاووڵاتیی منەوە هەیە. هەربۆیە وەک دەوڵەت، ناچارم بەرپرسیارێتی لە ئەستۆ بگرم و بەپێی ئەوە بجووڵێمەوە". 
 
هاکان فیدان گوتی: "پەیامی ئێمە لێرەدا زۆر روونە: با سووریا هەڕەشە نەبێ بۆ سەر هیچ لایەنێک، ئیسرائیلیش لەنێویاندا، بەڵام با هیچ لایەنێکیش هەڕەشە نەبێت بۆسەر سووریا. با هەمووان دابنیشن و کەس دەست لە سنوور و خاک و کاروباری یەکدی وەرنەدات. ئەمە خواستی ئێمەیە. بەڵام ئەگەر تۆ سیاسەتێکی ئەمنی پەیڕەو بکەی و بڵێی 'ئەمانە عەرەبی سوننە موسڵمانن، ئێمە نیازیان دەخوێنینەوە، دوای 50 ساڵی دیکە ئەگەر بەهێز بوون، فڵان کاردەکەن، بۆیە با هەر لە ئێستاوە دابەشیان بکەم، پارچەیان بکەم، قووتیان بدەم، لەنێو ئاژاوەدا بیانهێڵمەوە، کێشەیان بۆ دروست بکەم،' ئەوا ئەوە سیاسەتێکی پڕ مەترسییە."
 
هاکان فیدان رایگەیاند، تەنیا سووریا کاریگەریی ئەم سیاسەتەی لەسەر نییە، بەڵکو وڵاتانی دەوروبەریش کاریگەرن و گوتیشی، بڕیارە لە داهاتوویەکی نزیکدا کۆبوونەوەیەکی سێقۆڵی لەنێوان ئەمریکا، تورکیا و سووریادا بکرێ.