جەنگیز چاندار بۆ ئەردۆغان: سنوورێک بۆ هاکان فیدان دابنێ
رووداو دیجیتاڵ
پەرلەمانتارێکی دەم پارتی داوا لە سەرۆککۆماری تورکیا دەکات سنوورێک بۆ وەزیری دەرەوەی وڵاتەکەی دابنێ و رایگەیاند، "ئەو زمانەی وەزیری دەرەوە بەکاریدەهێنێت، لە تورکیا و سووریا و هەموو شوێنێک دڵی ملیۆنان کورد دەشکێنێت."
جەنگیز چاندار، پەرلەمانتارێکی دەم پارتی لە بازنەی ئامەد، ئەمڕۆ هەینی 19ـی کانوونی یەکەمی 2025 لە گفتوگۆکانی پەرلەمانی تورکیا لەبارەی بودجەی ساڵی 2026 رەخنەی لە هاکان فیدان وەزیری دەرەوەی تورکیا گرت.
چاندار، رووی دەمی لە رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا و سەرۆکی ئاکپارتی کرد و گوتی: "داوا لە بەڕێز سەرۆککۆمار دەکەم، سنوورێک بۆ وەزیری دەرەوەت دابنێی. ئەو زمانەی بەڕێز وەزیری دەرەوە بەکاریدەهێنێت، ئەو ئاماژانەی دەیکات و ئەو هەڕەشە ناڕاستەوخۆیانە، لە تورکیا و سووریا و هەموو شوێنێک دڵی ملیۆنان کورد دەشکێنێت و نووسینەوەی ئەو داستانە ئەستەم دەکات کە بەڕێز سەرۆککۆمار ئەردۆغان گوتی، هەموومان پێکەوە دەست بە نووسینەوەی دەکەین."
هاکان فیدان، رۆژی پێنجشەممە 18-12-2025 لە لێدوانێکدا بۆ کەنالی TRT World ـی تورکی رایگەیاند، وڵاتەکەی نایەوێت جارێکی دیکە ئۆپەراسیۆنی سەربازی دژی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) بکاتەوە، بەڵام هۆشداری دەدات کە بەهۆی دواکەوتنی پڕۆسەی تێکەڵبوون لەگەڵ سوپای سووریا "ئارامیی لایەنە پەیوەندیدارەکان خەریکە نامێنێت."
وەزیری دەرەوەی تورکیا داوای کرد هەسەدە بگاتە ئەو خاڵەی پابەندییەکانی لە چوارچێوەی رێککەوتنی 10ـی ئادار جێبەجێ بکات و گوتی: "هەموو کەس چاوەڕێی ئەوە دەکات پابەندی ئەو رێککەوتنە بن بەبێ دواکەوتن و شێواندن، چونکە نامانەوێت هیچ لادانێک لەو رێککەوتنە ببینین."
لە 10ـی ئاداری ئەم ساڵ (2025)، رێککەوتنێک لەنێوان مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هەسەدە و ئەحمەد شەرع، سەرۆککۆماری سووریا لە دیمەشق واژۆ کرا.
رێککەوتنەکە لە 8 خاڵ پێکهاتووە؛ یەکێک لە خاڵە سەرەکییەکان تێکەڵکردنی هێزەکانی هەسەدەیە لەگەڵ سوپای سووریا، کە تورکیا وەک مەرجێک بۆ هێورکردنەوەی دۆخەکە و دەستنەکردن بە ئۆپەراسیۆنی نوێ چاوی لێدەکات.