باوکی سەرۆکی یانەی بورساسپۆر بەرگریی لە لەیلا زانا دەکات

رووداو دیجیتاڵ

فاروق چەلیک، پەرلەمانتاری ئاکپارتی و باوکی ئەنەس چەلیک، سەرۆکی یانەی بورساسپۆر رایگەیاند: "گوتنەوەی دروشمی سوکایەتیپێکردن بەرامبەر لەیلا زانا هەڵەیە و قبووڵکراو نییە."
 
لە یاریی نێوان سۆماسپۆر و بورساسپۆر کە رۆژی سێشەممە 16-12-2025 لە یاریگەی نازم یاڤوزی شارۆچکەی سۆما لە پارێزگای مانیسای تورکیا بەڕێوەچوو، دروشمی رەگەزپەرستانە و سوکایەتیئامێز لەلایەن هاندەرانی بورساسپۆرەوە دژی لەیلا زانا سیاسەتڤانی کورد گوترانەوە، ئەمەش کاردانەوەی گەورەی لە نێو رای گشتیدا لێکەوتەوە.
 
ئەنەس چەلیک، سەرۆکی یانەی بورساسپۆر، ئەو سوکایەتییەی هاندەرانی یانەکەی بەرامبەر لەیلا زانا کردبوویان بە "دروشمێکی کورتخایەن و دووبارە نەبووەوە" لە قەڵەم دا و رایگەیاند، رێکاری یاسایی دژی ئەو "پۆستە رەگەزپەرستی، سووکایەتی و رقئامێزانە"ی دژی هاندەرانی یانەکەیان کراون، دەستپێکراوە.
 
لەدوای کاردانەوەکان، فاروق چەلیک، باوکی ئەنەس مەلیک، کە پەرلەمانتاری ئاکپارتییە لە هەژماری سۆشیاڵمیدیای خۆیەوە رایگەیاند: "گوتنەوەی دروشمی سوکایەتیپێکردن بەرامبەر لەیلا زانا، هەڵەیە و قبووڵکراو نییە. بە راشکاوی دەریدەبڕم کە ئەم جۆرە دەربڕینانە بە راست نازانم. ئەمە دۆخێک نییە کە چاوپۆشی لێ بکرێت".
 
ئەو پەرلەمانتارەی ئاکپارتی دەشڵێت، "ئاگادارم کە دەیانەوێت لە رێگەی بورساسپۆرەوە دوژمنایەتی و جیاکاری لەنێوان هاووڵاتییانماندا دروست بکەن. هەروەک چۆن یانەکەمانمان لەو تەنگژە دارایی و وەرزشییەی تێیکەوتبوو پێکەوە دەرهێنا، ئەم یارییەش هەر پێکەوە تێکدەدەین. با کەس نیگەران نەبێت."