ئەردۆغان: ئەوەی بە ئاشتی دەستمان دەکەوێت، بە شەڕ دەستمان ناکەوێت

رووداو دیجیتاڵ

رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا رایگەیاند، پەیوەندییەکی باشی لەگەڵ ترەمپ هەیە و لە دیدار و قسەکردنیان لەگەڵ سەرۆکی ئەمریکا باسی شەڕی رووسیا و ئۆکراینا دەکەن و گوتیشی، ترەمپ پێداگرە لەسەر کۆتاییهێنان بە جەنگەکە.
 
دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ رۆبێرت فیکۆ، سەرۆکوەزیرانی سلۆڤاکیا کە رۆژی دووشەممە 20-1-2025 لە ئەنقەرە بەڕێوەچوو، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا لە کۆنفرانسێکی هاوبەشی رۆژنامەڤانیدا باسی لە دەستبەکاربوونی سەرۆکی نوێی ئەمریکا کرد و گوتی: "بەردەوامیی ئەو دۆستایەتییەی ئێمە هاوشێوەی خولی یەکەم، بۆ ئێمە زۆر زۆر گرنگە."
 
ئەردۆغان باسی پەیوەندییەکی تەلەفۆنی خۆی دۆناڵد ترەمپ دەکات و دەڵێت: رۆژێک دوای بردنەوەی لە هەڵبژاردن پەریوەندیی تەلەفۆنیم لەگەڵیدا هەبوو. لەم خولەشدا پەیوەندیمان بەیەکەوە کرد. دوای ئەوەی ئەمڕۆ دەستبەکاردەبێت، بێگومان پەیوەندیمان بەردەوام دەبێت. ئەو بە پێداگرییەوە دەڵێت، کۆتایی بە جەنگی ئۆکراینا و رووسیا دەهێنێت. ئێمەش وەکو تورکیا ئەوەی لەسەرمان بێت، ئامادەین".
 
ئەردۆغان وەڵامی پرسیاری رۆژنامەڤامەڤانێکی نەدایەوە کە باسی لە هەڵوێستی دۆناڵ ترەمپ بوو لەمەڕ پشتیوانیکردنی هەسەدە.
 
سەبارەت بە هەڵوێستی ترەمپ بەرامبەر جەنگی رووسیا ئۆکراینا، ئەردۆغان جەختیکردەوە کە تورکیا بە هیچ شێوەیەکی لەگەڵ شەڕ نییە و گوتی: "هەرچییەک هەبێت لە ئاشتیدا هەیە و بە شەڕ ناگەین بە هیچ کوێیەک. پەنا بەخوا لەو دیدارانەمان لەگەڵ بەرێز ترەمپ ئەو بابەتانە دەخەینە سەر مێزی گفتوگۆ و بەگوێرەی ئەوەش هەنگاو دەنێین. دووەمین خولی سەرۆکایەتیی بەڕێز ترەمپ ببێتە مایەی خێر بۆ تەواوی مرۆڤایەتی".
 
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی نوێی ئەمریکا رۆژی 7-1-2025 لە شوێنی مانەوەی خۆی لە مارالاگۆی فلۆریدا کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیی سازکرد و تێیدا باسی لە دۆخی سووریا و رۆژئاوای کوردستانیش کرد.
 
ترەمپ، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیای بە هاوڕێی خۆی ناوبرد و گوتی، ئەردۆغان لەسەر داوای ئەو لە ساڵی 2019دا وازی لە هێرشکردنە سەر رۆژئاوای کوردستان هێنا، هەروەها گوتی: "سەرۆک ئەردۆغان هاوڕێمە و کەیفم پێدێت. پێموایە ئەویش رێزم دەگرێت. ئەو، ئەو کەسەیە کە وازی لە هەندێک کەسی دیاریکراو هێنا دوای ئەوەی داوام لێی کرد وازیان لێبێنێت، ئێوەش دەزانن باسی کێ دەکەم، کوردەکان."
 
ترەمپ راشیگەیاند، نازانێت تاوەکو کەی ئەو دۆخەی رەخساندوویەتی بۆ ئەوەی تورکیا هێرش نەکاتە سەر رۆژئاوای کوردستان بەردەوام دەبێت و گوتی: "ئەوان [کورد و تورک] دووژمنی سرووشتی یەکدین، ئەوان رقیان لە یەکدییە، بەڵام ئەردۆغان تاوەکو ئێستا ئەوەی نەکردووە [هێرشەکەی نەکردووە]، هەروەها لە رابردووش ئەوەی نەکرد. ئەو دەستیپێکرد، بەڵام پێم گوتم، تکایە ئەوە مەکە و ئەویش نەیکرد."
 
تشرینی یەکەمی 2019 دۆناڵد ترەمپ بڕیاری دا بەشێک لە هێزەکانی ئەمریکا لە هەندێک ناوچەی ژێر دەسەڵاتی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر پاشەکشێ بکەن.
 
راستەوخۆ دوای جێبەجێکردنی ئەو بڕیارە سوپای تورکیا هێرشی کردە سەر سەرێکانی و گرێسپی و داگیری کردن. 
 
ئەو کارە رووبەڕووی رەخنەی بەشێک لە هاوپەیمانەکانی ئەمریکا و بەرپرسانی پارتی کۆماری و دیموکراتیش بووەوە. دواتر بە بڕیاری ئیدارەی ترەمپ ئاگربەست راگەیێندرا.