هوداپار: با ببینین کێ دەیەوێت پرسی کورد چارەسەر بکات؟
رووداو دیجیتاڵ
یاریدەدەری سەرۆک و گوتەبێژی هوداپار بە تووندی وەڵامی پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە)ـی دایەوە کە سەرۆکەکەیان بە تووندی هێرشی کردبوونە سەر و رایگەیاندبوو لەو زەمینەیەی هوداپار باسی لێوە دەکات، قسە لەسەر پرسی کورد ناکەن. هوداپار دەڵێت، کەمالیزم سوودی بۆ ئەوان نەبووە.
لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا سەرکان رامانڵی، یاریدەدەری سەرۆک و گوتەبێژی هوداپار، شەوی چوارشەممە رایگەیاند، جەهەپە لەدوای هەڵبژاردنەکەی 14-5-2023ــەوە بەردەوامە لە بوختان و لەکەدارکردنی پارتەکەیان و گوتی:"ئەمە ئەرز و ئەمەش گەز، با ببینین و بزانین کێ دەیەوێت پرسی کورد چارەسەر بکرێت و کێ لەگەڵ برایەتیی کورد و تورکە! ئێوەش لە رابردوودا راپۆرتی کێشەی کوردتان ئامادەکرد. چەندە زوو ئەو رۆژانەتان لەبیر کرد".
سەبارەت بە رەتکردنەوەی دیالۆگ لەگەڵ هوداپار لەلایەن جەهەپەوە، سەرکان رامانڵی باسی لەوە کرد کە ئەوەی کورد و تورک دەکاتە برا، هەر ئیسلامە نەوەک شتێکی دیکە. هاوکات گوتی کاتێک هوداپار چارەسەری ئیسلامی پێشنیاز دەکات، جەهەپەییەکان تێکدەچن.
رامانڵی هەروەها گوتی:"دەڵێن لە زەمینەی هوداپار دیدار ناکەین، راستە، ئێوە تەنیا لە زەمینەی قەندیل دیدار دەکەن. چونکە زۆر بە ئاسوودەیی لەگەڵ ئاپۆیستەکان کە خزمایەتیی ئایدۆلۆژیتان هەیە، لێک تێدەگەن. جمکەی کەمالیزم، ئاپۆیستە. ئاپۆیزم و کەمالیزم هیچ سوودێکیان بۆ ئێمە نییە، هەروەک چۆن بەعس بۆ عەرەبی نییە. ئەوەی ئێمە دەکاتە برا، ئیسلامی ئازیزە".
سەرۆکی جەهەپە: هوداپار دژی ئاڵا، دەوڵەت و ئەتاتورکە
ئۆزگور ئۆزەل، سەرۆکی پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) رۆژی 17-2-2025 رایگەیاند، ئەوان پێشتر هەڵوێستیان لەبارەی پرسی کورد نیشانداوە و دەیانەوێت بابەتەکە لە پەرلەمان کاری لەسەر بکرێت.
رەتیشیکردەوە بەگوێرەی ئەو راپۆرتەی هوداپار ئامادەیکردووە هەنگاو بنێن و لەگەڵیاندا کۆببنەوە. بە تووندیش هێرشی کردە سەر هوداپار و سیاسەتی ئەو پارتە کوردییە ئیسلامییە و گوتی:"ئەگەر ئێمە لەسەر زەمینەی هوداپار دیالۆگ بکەین، نکۆڵی لە پارتەکەی خۆمان دەکەین. چونکە هوداپار ئەو پارتەیە کە تووندوتیژیی دژی ژنانی کردووەتە درووشم. هوداپار دژی ئاڵا، دەوڵەت و ئەتاتورکە و دەیەوێت دیموکراسی لەنێوببات".
پارتی هوداپار
پارتی دۆزی ئازاد (ھوداپار) پارتێکی ئیسلامیی سوننەی کوردییە و رۆژی 19-11-2012 دامەزراوە.
ئەگەرچی هوداپار نکۆڵی لەمە دەکات، بەڵام چەند لایەنێک ئەو پارتە بە درێژەپێدەری حیزبوڵڵا لە قەڵەمدەدەن.
هوداپار تاوەکو ئێستا بەشداریی لە پێنج هەڵبژاردندا کردووە و زیاتر لە 11 هەزار و 500 ئەندامی هەیە. لە هەڵبژاردنی پەرلەمانییی تورکیا لە 2018دا 157 هەزار و 324 دەنگی هێنا، کە رێژەی 0.31%ـی دەنگەکانی تورکیا بوو. ئەوکات هوداپار نەیتوانی هیچ کورسییەک لە پەرلەمان مسۆگەر بکات، بەڵام لە هەڵبژاردنەکەی 14-5-2023 هوداپار لە ژێر چەتری هاوپەیمانیی جمهوور کە ئاکپارتی سەرکردایەتیی کرد، بەشداری لە هەڵبژاردندا کرد و چوار کورسیی لە پارێزگاکانی ئیستەنبووڵ، مێرسین، ئێلیهـ و دیلۆک بردەوە.