لە تورکیا و باکووری کوردستان لە شەو و رۆژێکدا 6 ژن کوژران
رووداو دیجیتاڵ
لە ماوەی تەنیا یەک شەو و رۆژدا لە تورکیا و باکووری کوردستان شەش ژن کوژران؛ پلاتفۆرمێکی داکۆکیکار لە مافەکانی ژنانیش دەڵێت، سێ لەو ژنانە پێشتر بڕیاری "دوورخستنەوە و پاراستنیان" بۆ دەرچووە، بەڵام نەتوانراوە ژیانیان بپارێزرێت.
پێنجشەممە، 19ـی شوباتی 2026، ئەندامانی پلاتفۆرمی "تاوانی دژ بە ژنان دەوەستێنین" لەبەردەم وەزارەتی دادی تورکیا لە ئەنقەرە گردبوونەوە و لە راگەیێندراوێکدا ئاماری کوشتنی ژنانیان لە 24 کاژێری رابردوودا بڵاوکردەوە.
پلاتفۆرمەکە رەخنەی تووندی لە وەزیری کاروباری خێزان و خزمەتگوزارییە کۆمەڵایەتییەکانی تورکیا گرت و رایگەیاند: "وەزیر هەموو رۆژێک پۆستی بەهێزکردنی خێزان دەکات، بەڵام هەوڵ دەدات ژنان لەنێو ئەو ماڵانەدا بهێڵێتەوە کە پڕن لە تووندوتیژی."
بەگوێرەی ئاماری پلاتفۆرمەکە، رووداوەکانی کوشتنی ژنان لەم 24 کاژێرەدا بەم شێوەیە بووە:
ئیستەنبووڵ: فلیز شاغبانگوڵ، لە کاتی جیابوونەوەیدا و لەبەرچاوی سێ منداڵەکەی، لەلایەن هاوژینەکەیەوە بە چەقۆ کوژرا.
گەبزە: ئایلین پۆڵات داغ، لە وێستگەیەکدا و لەبەرچاوی خەڵک بە چەک کوژرا، لەکاتێکدا پێشتر بڕیاری دوورخستنەوەی بۆ بکوژەکە دەرکردبوو.
وان: گۆنوڵ ئالکان، لەلایەن ئەو پیاوەوە کوژرا، کە پێشتر بڕیاری پاراستنی لێ هەبوو.
عوسمانییە: ئیلکنوور کۆچ، لەلایەن ئەو پیاوەی لێی جیابووەوە کوژرا.
ئاکسارای: کوبرا کڵچ، لەلایەن هاوژینی پێشوویەوە کوژرا، بکوژەکە زەینەب ئایازی ئامۆزای کوبراشی کوشت.
پلاتفۆرمەکە جەخت لەوە دەکاتەوە کە دەکرا رێگری لەم "کۆمەڵکوژییەی ژنان" بکرێت و دەڵێت: "ئەگەر یاسای ژمارە 6284 (تایبەت بە پاراستنی خێزان و رێگریکردن لە تووندوتیژی) بە شێوەیەکی کاریگەر جێبەجێ بکرایە و چەکی بکوژەکان وەربگیرایە، ئێستا ئەو ژنانە لە ژیاندا دەمان."
بەپێی یاسای ژمارە 6284 کە لە تورکیا کارایە، دەبێت دەوڵەت پارێزگاری لەو ژنانە بکات کە هەڕەشەیان لەسەرە، بەڵام چالاکڤانانی مافی ژنان دەڵێن سستى لە جێبەجێکردنی یاساکە بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی ژمارەی قوربانییان.