دەم پارتی داوای لێکۆڵینەوە لە ئاستەنگەکانی بەردەم زمانی کوردی دەکات
رووداو دیجیتاڵ
پەرلەمانتارێکی دەم پارتی بەبۆنەی رۆژی جیهانیی زمانی دایک، داوا لە پەرلەمانی تورکیا دەکات لێکۆڵینەوە لە ئاستەنگەکانی بەردەم زمانی کوردی و داواکاریی خوێندن بە زمانی دایک بکات؛ دەشڵێت: "سیاسەتی 'یەک زمانی' یەکێکە لە هۆکارە سەرەکییەکانی پرسی کورد."
گولجان کاچماز ساییغیت، پەرلەمانتاری دەم پارتی و گوتەبێژی ئینیسیاتیڤی یەکێتیی دیموکراتیک، رۆژی هەینی، 20-02-2026، پێشنیازنامەیەکی پێشکێشی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی تورکیا کرد و تێیدا ئاماژەی بەوە کرد، سیاسەتەکانی زمانی فەرمی زیانی زۆری بە فرەزمانی گەیاندووە و بووەتە هۆی ناڕەزایەتیی کورد.
ئەو پەرلەمانتارەی دەم پارتی داوای لە پەرلەمان کردووە، بەپێی مادەی 98ی دەستوور و مادەکانی 104 و 105ی پەیڕەوی ناوخۆ، لێکۆڵینەوەیەکی ورد بکرێت بۆ دەستنیشانکردنی ئەو هەنگاوانەی کە پێویستە لە رووی دەستووری و پەروەردەییەوە بۆ پاراستنی زمانەکانی دیکە جگە لە تورکی و گوێگرتن لە داواکاریی گەلی کورد بنرێن.
ئەم داواکارییەی دەم پارتی لە کاتێکدایە، ئەمڕۆ هەینی، 20ـی شوبات، دوایین وادەیە بۆ تۆمارکردنی ناوی قوتابیان بۆ وانەی بژاردەی کوردی (کرمانجی و زازاکی) بۆ ساڵی خوێندنی 2026-2027.
لە سیستمی پەروەردەی تورکیادا، تورکی تاکە زمانی فەرمیی خوێندنە، بەڵام لە ساڵی 2012ـەوە زمانی کوردی وەک وانەی بژاردە بۆ پۆلەکانی 5، 6، 7 و 8 زیاد کراوە.
بەپێی ئامارە فەرمییەکان، لە ساڵی خوێندنی 2025-2026 لە تورکیا و باکووری کوردستان، 59 هەزار و 362 قوتابی وانەی کوردییان بە هەردوو زاراوەی کرمانجی و زازاکی هەڵبژاردبوو.
چالاکڤانانی بواری زمانی کوردی داوا لە خێزانەکان دەکەن سوود لەو دەرفەتە وەربگرن، هەرچەندە دەم پارتی و لایەنە کوردییەکان جەخت لەوە دەکەنەوە کە وانەی بژاردە بەس نییە و دەبێت کوردی ببێتە زمانی خوێندن.