باخچەلی: دوای جەژن هەنگاوی گرنگ بۆ بونیاتنانی 'تورکیای نوێ' دەنرێن
رووداو دیجیتاڵ
دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە) رایدەگەیێنێت، دوای جەژن هەنگاوی گرنگ بۆ بونیاتنانی "تورکیایەکی نوێ و بەهێز" دەنرێن و خزمەتگوزاریی باشتر پێشکێش دەکرێن.
رۆژی هەینی، 20-03-2026، دەوڵەت باخچەلی دوای نوێژی جەژنی رەمەزان، سەردانی گۆڕی ئاڵپئەرسلان تورکەش، دامەزرێنەری پارتەکەی کرد و لەوێوە پەیامێکی سەبارەت بە قۆناخی دوای جەژن و پرۆسەی سیاسیی وڵاتەکەی بڵاوکردەوە.
باخچەلی لە لێدوانەکەیدا ئاماژەی بە دۆخی ناوچەکە کرد و گوتی: "بەهۆی رووداوەکانی دەوروبەری وڵاتەکەمان، ناکۆکیی سیاسیی فرەلایەن و بڵاوبوونەوەی شەڕ لەنێوان وڵاتاندا، بە خەمبارییەوە پێشوازی لە جەژن کراوە."
باخچەلی باسی پرۆسەی چارەسەری کرد و گوتی: "لێرەدا گرنگترین بابەت ئەوەیە کە هەموو پارتە سیاسییەکان و ئەو پارتانەی لە پەرلەمان نوێنەرییان هەیە، بە کاری بەرهەمدار و کاریگەر، بۆ چارەسەرکردنی هەموو کێشەکانی تورکیا یەکڕیز و یەکدەنگ بن."
پرۆسەی نوێی چارەسەریی پرسی کورد لە تورکیا، لە یەکی تشرینی یەکەمی 2024ـەوە بە دەسپێشخەریی دەوڵەت باخچەلی دەستیپێکرد. باخچەلی داوای چەکدانانی پەکەکە و پێدانی "مافی هیوا"ـی بە عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە کردبوو؛ ئۆجەلانیش لە 27ـی شوباتی 2025دا، داوای هەڵوەشاندنەوەی رێکخستنەکە و دانانی چەکی کرد.
چاوەڕێ دەکرێت دوای کۆتاییهاتنی پشووی جەژن، پەرلەمانی تورکیا دەست بە گفتوگۆیەکی چڕ بکات لەسەر راپۆرتی هاوبەشی "کۆمیسیۆنی یەکڕیزیی نیشتمانی، برایەتی و دیموکراسی". ئەم راپۆرتە پێشنیازی لایەنە سیاسییەکانی تورکیا سەبارەت بە پڕۆسەی چارەسەریی پرسی کورد لەخۆدەگرێت و وەک نەخشەڕێگەیەک بۆ قۆناخی داهاتوو سەیر دەکرێت.