عێراقییەکان لە پلەی چوارەمی کڕینی خانوو لە تورکیان؛ پاشەکشەیەکی بەرچاو بەدی دەکرێ
رووداو دیجیتاڵ
بەپێی نوێترین ئاماری دەستەی ئاماری تورکیا (TUIK)، لە مانگی ئاداری 2026دا هاووڵاتیانی عێراق و هاونیشتمانییانی باشووری کوردستان لە پلەی چوارەمی ئەو بیانییانەدا هاتوون کە زۆرترین خانوو و شوقەیان لە تورکیا و باکووری کوردستان کڕیوە. ئەمە لەکاتێکدایە، بازاڕی خانووبەرە بۆ بیانییەکان لەو وڵاتەدا سستییەکی بەرچاوی بەخۆوە بینیوە.
لەو مانگەدا 35,725 خانوو و شوقە لە تورکیا و باکووری کوردستان فرۆشراون، کە تەنیا 353 دانەیان بە بیانییەکان بوون. ریزبەندی کڕیارە بیانییەکان بەم شێوەیەیە:
هاووڵاتییانی رووسیا: 229 خانوو و شوقە
هاووڵاتییانی ئێران: 130 خانوو و شوقە
هاووڵاتییانی ئێران: 84 خانوو و شوقە
هاووڵاتییانی عێراق: 80 خانوو و شوقە
پلەی چوارەم بۆ عێراقییەکان پاشەکشەیەکی گەورەیە، ئەگەر بەراورد بکرێ بە ساڵانی رابردوو، چونکە بەپێی زانیارییە ئامارییەکانی ساڵانی پێشوو، هاووڵاتییانی عێراق بۆ چەند ساڵێکی لەسەریەک لە پلەی یەکەمی کڕیارانی بیانی بوون لە تورکیا. بۆ نموونە، تەنیا لە ساڵی 2017دا عێراقییەکان زیاتر لە 3,800 خانوویان کڕیبوو.
ساڵی 2022 عێراقییەکان هێشتا لە ریزبەندی پێشەوە بوون و ساڵانە بە هەزاران خانوویان دەکرێ، بەڵام هاووڵاتییانی رووسیا بەهۆی شەڕی ئۆکرایناوە پێشیان کەوتن.
ساڵی 2023 و 2024 بەهۆی بەرزبوونەوەی مەرجی وەرگرتنی وڵاتینامەی تورکیا لە رێگەی کڕینی خانوو و شوقە (بۆ 400 هەزار دۆلار) و گۆڕانکاری لە یاسای نشینگە، ژمارەی کڕیارە عێراقییەکان بە شێوەیەکی بەرچاو دابەزی.
ئامارە نوێیەکە نیشانی دەدات کە کڕینی خانوو لەلایەن بیانییەکانەوە بە رێژەی 20% دابەزیوە. ئەم پاشەکشەیە تەنیا عێراقییەکانی نەگرتووەتەوە، بەڵکو گۆڕانکارییە لە تەواوی بازاڕی خانووبەرەی تورکیا بۆ بیانییەکان، کە ئێستا تەنیا 1.2%ی کۆی فرۆشی وڵاتەکە پێکدەهێنن.