رێگەی گەڕانەوەی سێدات پەکەر بۆ تورکیا داخرا

 
رووداو دیجیتاڵ 

دادگەی 16ی سزا قورسەکانی ئەنادۆڵ لە ئیستەنبووڵ رەتیکردەوە ناوی سێدات پێکەر، سەرۆکی گرووپێکی مافیایی تورکیا لە لیستی سووری داواکراوان دەربهێنێت.
 
بەشێک لە میدیاکانی تورکیا بڵاویانکردووەتەوە، گوایە سێدات پێکەر، قسەی لەگەڵ دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە) کردووە، دادگە بڕیارێکی لەمبارەیەوە دەرکردووە.
 
دادگەی 16ی سزا قورسەکانی ئەنادۆڵ لە ئیستەنبووڵ وەڵامی داواکارییەکی سێدات پێکەر بۆ گەڕانەوەی بۆ تورکیا دایەوە.
 
بەگوێرەی بڕیارەکە، داواکاریی سێدات پێکەر بۆ ئەوەی لە لیستی سووری داواکراوان دەربهێندرێت رەتکراوەتەوە و پێکەر هەر لەو لیستەدا دەمێنێتەوە. واتا هەرکاتێک بگەرێتەوە تورکیا یان رادەستی حکومەتی ئەنقەرە بکرێتەوە، راستەوخۆ دەدرێتە دادگە.
 
دانیشتنی دادگەیی بۆ رۆژی 28-11-2025 دواخرا. پێکەر کە ئێستا دەگوترێت لە ئیمارات دەمێنێتەوە لە 194 وڵاتدا بریاری دەستگیرکردنی لەسەرە.
 
عیززەت ئولڤی یۆنتەر، یاریدەدەری سەرۆکی مەهەپە لە تۆڕی کۆمەڵایەتی بڵاویکردەوە: "هەموو شتێک کاتی خۆی هەیە. سڵاو لەوانەی چاوەڕێی کاتی خۆیان دەکەن. خوا گەورەیە".
 
میدیای تورکیا بڵاویکردووەتەوە کە پێکەر لە دەرگایەکی دا، بەڵام دادگە ئەو دەرگایەی بەڕوودا داخست.
 
سێدات پێکەر کە بە سەرۆکی گرووپێکی مافیایی تورکیا دەناسرێت، پێشتر زۆر لە دەوڵەت و بەرپرسانەوە نزیک بوو و چەند جارێک لەلایەن بەرپرسانەوە خەڵات کرابوو.
 
دوای ئەوەی ساڵی 2020 سێدات پێکەر لەگەڵ بەشێک لە بەرپرسانی دەوڵەتی تورکیا نێوانی تێکچوو، لە تورکیا دەرچوو و جارێکی دیکە نەگەڕایەوە.
 
پێکەر ئایاری 2021 نۆ ڤیدیۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی بڵاوکردەوە کە تێیدا چەندین نهێنیی دەوڵەتی ئاشکراکرد. 
 
لەو نۆ تۆمارە ڤیدیۆییەی لە ماوەی رابردوودا بڵاویکردوونەتەوە و رۆژەڤی تورکیا بەخۆیەوە خەریک کرد، کۆمەڵێک نهێنی هەستیاری لەبارەی پەیوەندی دەوڵەت و مافیا و تێوەگلانی کاربەدەستانی ئاکپارتی خستووەتەڕوو و چەندین نهێنیی هەستیاری لەبارەی سلێمان سۆیلو، وەزیری پێشووی نێوخۆی تورکیا درکاند.
 
هەرچەندە تورکیا داوای رادەستکردەوەی پێکەری لە حکومەتی ئیمارات کرد، بەڵام ئەو وڵاتە وەڵامێکی ئەرێنیی تورکیای نەدایەوە.