ئەردۆغان: دەستوورێکی نوێ بۆ میللەتەکەمان بەدەست دەهێنین
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆککۆماری تورکیا دەڵێ، دەستوورێکی نوێ بۆ میللەتەکەیان بەدەست دەهێنن و بە "تورکیایەکی بێ تیرۆر" دەتوانن خێراتر بگەنە ئامانج.
رەجەب تەیب ئەردۆغان شەوی دووشەممە 19ی ئایاری 2025، بە بۆنەی یادی ئەتاتورک و رۆژی وەرزش و لاوان لە کتێبخانەی نەتەوەیی سەرۆکایەتیی کۆمار لە ئەنقەرە لەگەڵ گەنجان و وەرزشڤانانی نیشتمانی کۆبووەوە.
ئەردۆغان ئاماژەی بەوەدا، بە پێداگرییەوە بەرەو بینینی "سەدەى تورکیا" پێش دەکەون و بە "تورکیایەکی بێ تیرۆر" دەتوانن خێراتر بگەنە ئامانج.
لە وەڵامی پرسیارێکی خوێندکارێکدا کە ئایا "ئێستا هیچ کارێک لەسەر دەستووری نوێ هەیە؟ ئایا هەنگاو نراوە؟"، ئەردۆغان ئاماژەی بەوەدا، کارنەکردن یان دواخستنی دەستووری نوێ ئەستەمە.
ئەردۆغان لە درێژەی قسەکانیدا گوتی، "هەموو ئەم هاوڕێیانە ئێستا ئامادەکاری بۆ دەستوورێکی نوێ دەکەن و بەردەوام دەبن. چونکە ئێمە چیتر ناتوانین بە دەستووری 20 ساڵ لەمەوبەر بەڕێوە بچین. بە یارمەتی ئێوە ئەو دەستوورە نوێیە دروست دەکەین و هەر کەموکورتییەکمان هەبێت، بە پڕکردنەوەی ئەو کەموکورتییانە دەستوورێکی نوێ بۆ میللەتەکەمان بەدەست دەهێنین.
ئەو دەستوورەی ئێستا تورکیا بەڕێوەدەبات دوو ساڵ دوای کودەتا سەربازییەکەی 12ـی ئەیلولی 1980 ئامادە کراوە.
ئاکپارتی دەڵێ، ناکرێت لە سەد ساڵەی دووەمی دامەزراندنی کۆماردا وڵات بە دەستووری کودەتا بەڕێوەببرێت.