ئاماری بوومەلەرزەکەی مەڵەتی؛ 15 کەس بریندار بوون و خوێندن راگیرا

 
رووداو دیجیتاڵ
 
پارێزگاری مەڵەتی ئاماری زیانەکانی بوومەلەرزەکەی ئەمڕۆی پارێزگاکەی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، هیچ زیانێکی گیانی نەبووە، بەڵام 15 کەس بە سووکی بریندار بوون و خوێندنیش بۆ ماوەی رۆژێک راگیرا.
 
رۆژی چوارشەممە، 20ی ئایاری 2026، کاژێر 09:00ی بەیانی، بوومەلەرزەیەک بە گوڕی 5.6 پلە بە پێوەری رێختەر، پارێزگای مەڵەتیی باکووری کوردستانی هەژاند و لە چەندین ناوچەی دیکەی باکووری کوردستانیش هەستی پێکرا.
 
سێدار یاڤوز، پارێزگاری مەڵەتی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، 74 هاووڵاتی بەهۆی بوومەلەرزەکەوە سەردانی ناوەندە تەندروستییەکانیان کردووە.
 
پارێزگار وردەکاریی دۆخی تەندروستیی هاووڵاتییانی خستەڕوو و گوتی: "15 کەس بەهۆی ترس و دڵەڕاوکێوە سەردانی نەخۆشخانەیان کردووە و 15 کەسی دیکەش بە سووکی بریندار بوون." ئاماژەی بەوەش کرد کە تاوەکو ئێستا 46 هاووڵاتی نەخۆشخانەیان جێهێشتووە و 18 کەسی دیکە لەژێر چاودێریی پزیشکیدان.
 
بەگوتەی یاڤوز، دوای بوومەلەرزەکە 82 پەیوەندی بە سەنتەری فریاکەوتنی خێراوە (112) کراوە؛ 32 پەیوەندییان بۆ دەستنیشانکردنی زیانەکان بووە. لەبارەی زیانە ماددییەکانیشەوە گوتی: "لەسەر ئاستی پارێزگاکەدا سێ گەوڕ و خانووێک رووخاون."
 
بەهۆی دڵەڕاوکێی هاووڵاتییان و پاراستنی سەلامەتیی قوتابییان، پارێزگاری مەڵەتی بڕیاری دا پرۆسەی خوێندن بۆ ماوەی یەک رۆژ لە سەرجەم دامەزراوە پەروەردەییەکانی پارێزگاکەدا رابگیرێت.
 
مەڵەتی یەکێکە لەو پارێزگایانەی لە بوومەلەرزە وێرانکەرەکەی 6ی شوباتی 2023 زیانی زۆری بەرکەوت، کە تێیدا 1,237 کەس لەو پارێزگایە گیانیان لەدەستدا و 6,444 کەسی دیکەش بریندار بوون. هەروەها لە 27ی شوباتی هەمان ساڵدا بوومەلەرزەیەکی دیکەی 5.6 پلەیی لە ناوچەی یەشیلیورت روویدا و بووە هۆی گیانلەدەستدانی کەسێک و برینداربوونی 69ی دیکە.