سەرۆکی راوێژکارانی ئەردۆغان: دەستووری نوێ دەخرێتە گشتپرسییەوە
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی راوێژکارانی سەرۆککۆماری تورکیا رایگەیاند، دەستووری نوێ بەبێ گشتپرسی نابێت و پێیوایە ئەگەر دەستووری نوێ لە پەرلەمانیش بە 400 دەنگ یان زیاتر پەسند بکرێت، هەر دەبێت گشتپرسی لەسەر بکرێت.
محەممەد ئوچووم، سەرۆکی راوێژکارانی سەرۆککۆماری تورکیا کە لە هەمانکاتدا بریکاری سەرۆکی دەستەی سیاسەتە یاساییەکانی سەرۆکایەتیی تورکیایە ئەمڕۆ یەکشەممە 20ی تەممووزی 2025 لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس دەربارەی کارەکانی دەستووری نوێی تورکیا پەیامێکی بە ناونیشانی 'هەوڵەکانی شێواندنی رۆژەڤی دەستووری نوێ' بڵاوکردەوە.
ئوچوم رەخنەی لە بۆچوونی پارتە ئۆپۆزیسیۆنەکان گرت کە دەڵێن، "ئەجێندای خەڵک دەستووری نوێ نییە" و رایگەیاند کە ئەمە "بۆچوونێکی رووکەشانەیە و هیچ بنەمایەکی راستیی نییە." ئوچوم پێیوایە، "ئەگەر دەستووری نوێ لە پەرلەمانی تورکیاش بە 400 دەنگ یان زیاتر پەسند بکرێت، گشتپرسی هەر ناچارییە."
ئوچووم، لە پۆستەکەیدا هۆکاری گشترسییەکە بۆ ئەوە دەگەڕێنێتەوە، کە "پێویستیی تەواوکردنی شەرعییەتی دیموکراسییە بە رەزامەندیی گەل، هەروەها پێویستیی مافی چاودێریی خەڵکە بۆ ئەوەی بزانرێت ئایا دەقێکی یاسایی کە لەگەڵ تێڕوانینی سیاسیی خەڵک بۆ دەستوور بگونجێت لە پەرلەمان پەسندکراوە یان نا."
گەورە راوێژکارەکەی ئەردۆغان دەڵێت، "بانگەشەی 'ئەجێندای خەڵک دەستووری نوێ نییە'، جگە لەوەی شێواندنە، ئاماژەیە بۆ کەموکوڕیی فیکریش."
ئوچووم لە رۆژانی رابردوودا وەڵامی ئەو بانگەشەیەی دایەوە کە کاری دەستووری نوێ "بۆ بەربژێربوونەوەی ئەردۆغان دەکرێت" و رایگەیاندبوو، "لە ئەگەری بڕیاری هەڵبژاردنی پێشوەختەدا، ئەردۆغان دەتوانێت جارێکی دیکە ببێتەوە بەربژێر."