وەزارەتی دادی تورکیا پێنج زیندانی نوێ دروست دەکات کە دووانیان لە باکووری کوردستانن
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی دادی تورکیا کارە یاساییەکانی دروستکردنی پێنج زیندانی نوێی تەواو کردووە و گرێبەستیش بۆ دروستکردنیان لەگەڵ کۆمپانیاکاندا کراوە، کە دووانیان دەکەونە باکووری کوردستان.
لە باکووری کوردستان و تورکیا ئیستا 403 زیندان هەیە. وەزارەتی دادی تورکیا کارە یاساییەکانی بۆ دروستکردنی ئەو پێنج زیندانە نوێیە کردووە و گرێبەست لەگەڵ کۆمپانیاکان واژۆکراوە.
زیندانە نوێیەکان لە پارێزگاکانی سێرت و دێرسیم ـی باکووری کوردستان و لە پارێزگاکانی زۆنگوڵداک، کوتاهیا و گیرەسون ـی تورکیا دروستدەکرێن.
819 ملیۆن و 571 هەزار لیرە (24 ملیۆن و 250 هەزار دۆلار) بۆ زیندانی سێرت، 909 ملیۆن لیرە (نزیکەی 27 ملیۆن دۆلار) بۆ زیندانی دێرسم، 837 ملیۆن لیرە (نزیکەی 25 ملیۆن دۆلار) بۆ زیندانی زۆنگوڵداک خەرج دەکرێن.
بۆ زیندانی کوتاهیا گرێبەستێک لە ساڵی 2021 بە بەهای 17 ملیۆن و 528 هەزار لیرە واژۆ کرا، بەڵام تەواو نەبوو. بڕی 124 ملیۆن و 976 هەزار لیرە (سێ ملیۆن و 700 هەزار دۆلار) بۆ تەواوکردنی تەرخانکراوە.
بۆ زیندانی گیرەسون گرێبەستێک لە ساڵی 2021 بە بەهای 72 ملیۆن و 300 هەزار لیرە واژۆ کرا و بەو پێیەی تەواو نەبوو، گرێبەستێکی نوێ بە بڕی 780 ملیۆن و 895 هەزار لیرە (23 ملیۆن دۆلار) واژۆ کرا.
ئێستا 403 زیندان لە تورکیا و باکووری کوردستاندا هەن، کە کۆی گشتی توانای لەخۆگرتنی 295 هەزار و 328 کەسیان هەیە، بەڵام 342 هەزار و 526 کەس لە زیندانەکاندا دەمێننەوە.