دەم پارتی: مانەوەی سەربازانی تورکیا لە عێراق و سووریا دژی پرۆسەی چارەسەرییە
رووداو دیجیتاڵ
بریکاری سەرۆکی فراکسیۆنی دەم پارتی دەڵێت، بە نەخێر دەنگ بە پێشنیازەیاسای مانەوەی سەربازانی تورکیا لە عێراق، سووریا و لوبنان دەدەن.
لەکاتێکدا چاوەڕێ دەکرێت ماوەی مانەوەی سەربازانی تورکیا لە وڵاتان بکرێتە رۆژەڤی پەرلەمان و دەنگی لەسەر بدرێت، ئەمڕۆ دووشەممە 20-10-2025 گوڵستان کڵچ کۆچیغیت لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا گوتی: "دەنگی نەخێر بە یاداشتەکانی عێراق، سووریا و لوبنان دەدەین. درێژکردنەوەی مانەوەی سەربازان لەو وڵاتانە لەگەڵ پرۆسەی چارەسەری و دیموکراسی ناگونجێت و دژیەتی. تورکیا سیاسەتێک پەیڕەو دەکات کە لە پێداویستیی خەڵکەکەی دوورە."
کۆچیغیت ئەوەی بەبیرهێنایەوە کە ئێستا پرۆسەی چارەسەری بەڕێوەدەچێت و گوتی:"قۆناخێکی گرنگ لە چارەسەری دیموکراسیانەی کێشەی کورد تێپەڕێنراوە، بەڵام ناکۆکییەک لە نێوان ئەم پرۆسەیە و ئەو یاداشتانە هەیە کە بۆ دریژکردنەوەی ماوەی مانەوەی سەربازان پێشکێش بە پەرلەمان کراون".
کۆچیغیت هەروەها رەخنەی لە تێڕوانینی حکومەتی تورکیا لە بابەتی سووریا گرت و گوتی: " دەستەواژەی 'پێداویستییەکانی حکومەتی سووریا' لە یاداشتەکاندا جێی سەرنجە. دەمانەوێت بپرسین کە ئایا پێداویستییەکانی حکومەتی سووریا و پێداویستییەکانی گەلی سووریا هەمان شتن؟ بۆ ئێمە، گرنگترین شت داواکارییەکانی گەلان و بنیاتنانی سووریایەکی دیموکراسی و یەکگرتووە، بەڵام دەبینین تورکیا لەم دیدگەیەوە دوورە."
ماوەی مانەوەی سەربازانی تورکیا ساڵی 2014 بە بریاری ژمارە 2170، ساڵی 2015 بە بریاری 2254 درێژکرایەوە.
لەو چوارچێوەیەدا داوا لە سەرجەم وڵاتانی ئەندام لە نەتەوە یەکگرتووەکان کراوە لە چوارچێوەی بڕیاری 1373 (ساڵی 2001) و یاسای نێودەوڵەتیدا، رێوشوێنی پێویست بۆ رووبەڕووبوونەوەی چالاکییەکانی داعش و رێکخراوە تیرۆریستییەکانی دیکە بگرنەبەر. درێژەدان بەو چالاکییانەی تورکیا لەو چوارچێوەیەدایە.
پێشنیازی مانەوەی سەربازانی تورکیا لە عێراق و سووریا لە رۆژی 30-10-2025ــەوە هەتا سێ ساڵی دیکە لەلایەن سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیاوە پێشکێشی سەرۆکایەتیی پەرلەمان کراوە و بریارە بخرێتە دەنگدان.
بە گوێرەی ئامارە نافەرمییەکان لە هەرێمی کوردستان و عێراقدا 2000 بۆ 2500 سەربازی تورکیا هەن.