یاریدەدەری ئەردۆغان بۆ پەکەکە: چەکدانان بۆ ئێوە و تورکیاش باش دەبێت


رووداو دیجیتاڵ

یاریدەدەری سەرۆکی ئاکپارتی داوا لە پەکەکە دەکات چی زووە چەک دابنێت و دەڵێت؛ "ئەمە بۆ خۆتان و تورکیاش باش دەبێت."
 
کۆبوونەوەی رێکخستنەکانی ئاکپارتی رۆژی دووشەممە 20-10-2025 لە پارێزگای کاستامۆنوی تورکیا بە سەرپەرشتی حەسەن بەسری یاڵچن، یاریدەدەری سەرۆکی ئاکپارتی بەڕێوەچوو.
 
یاڵچن رایگەیاند، هاوپەیمانیی جمهوور ساڵانێکە هەوڵ دەدات بابەتی 'تیرۆر' لە رۆژەڤی تورکیادا بسڕێتەوە.
 
یاریدەدری ئەردۆغان گوتی: "هیچ هێزێک ناتوانێت بە تیرۆر چۆک بە تورکیا دا بدات. بەو بەرەنگاربوونەوەی ساڵانی رابردوومان ئەمەمان نیشانداوە. تورکیا تەنانەت لە لاوازترین قۆناخیدا بەرامبەر تیرۆر چۆکی دانەداوە، ئێستاش کە گەیشتووەتە ئەو ئاستەی بەرەنگاربوونەوە، دەیەوێت بە تەواوی تیرۆر لە رۆژەڤیدا بسڕێتەوە".
 
پرۆسەی چارەسەری
 
دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە) رۆژی 01-10-2024 لەکاتی واڵاکردنی دەرگەی پەرلەمان لە وەرزێکی نوێدا، چووە لای فراکسیۆنی دەم پارتی و تەوقەی لەگەڵ بەرپرسانی ئەو پارتە کرد. ئەو رووداوە  رۆژەڤی پرۆسەیەکی چارەسەریی پرسی کوردی لە تورکیا هێنایە بەرباس. 
 
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا ئەو هەنگاوەی باخچەلیی بە 'پەنجەرەی هیوا' ناوبرد و هیوای خواست، ئەو دەرفەتە نەکرێتە قوربانیی بەرژەوەندیی کەسی.
 
باخچەلی دواتر داوای لە دەم پارتی کرد لەگەڵ ئۆجەلان دیدار سازبکەن.
 
شاندی دەم پارتی رۆژی 28-12-2024 سەردانی گرتووخانەی ئیمراڵیی کرد و لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە دیداری کرد.
 
پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) رۆژی 1ی ئاداری 2025 ئاگربەستی راگەیاند. ئەوەش لە دوای بانگەوازی عەبدوڵڵا ئۆجەلان دێت کە رۆژی 27ی شوبات بە ناونیشانی "بانگەوازی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتی" بڵاوکرایەوە و داوای چەک دانان و هەڵوەشاندنەوەی پەکەکەی کرد. 
 
پەکەکە لە 5-7ی ئایاری 2025، 12یەمین کۆنگرەی خۆی بەست و بڕیاری کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداری و خۆهەڵوەشاندنەوەی دا.
 
11ی تەممووزی ئەم ساڵ، 30 گەریلای پەکەکە لە ئەشکەوتی جاسەنە لە ناوچەی سوورداش لە سنووری پارێزگەی سلێمانی بەشێوەیەکی سیمبوولی چەکەکانیان سووتاند.
 
هەروەها لەسەر پێشنیازی دەوڵەت باخچەلی، لیژنەی (پاڵپشتیی نیشتیمانی، برایەتی و دیموکراسی) لە پەرلەمانی تورکیا بۆ پرۆسەکە پێکهێندرا کە هەتا ئێستا 15 کۆبوونەوەی لەگەڵ چین و توێژەکانی کۆمەڵگە سازکردووە و گوێی لە پێشنیاز و تێبینییەکانیان گرتووە.