یاریدەدەری باخچەلی: ئەو پارتانەی ئەندام نانێرنە ئیمراڵی با روونکردنەوە بدەن

 
رووداو دیجیتاڵ 

فەتی یڵدز، یاریدەدەری سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە) لەبارەی چوونی کۆمیسیۆنی پاڵپشتیی نیشتمانی، برایەتی و دیموکراسی بۆ ئیمراڵی رایگەیاند، ئەو پارت و لایەنانەی ئەندام نانێرن دەبێ روونکردنەوە بڵاوبکەنەوە و ئەمە بۆ رای گشتی روون بکەنەوە. 
 
یڵدز لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس، رایگەیاند کە رۆژی هەینی، 21ی تشرینی دووەمی 2025، کۆمیسیۆنەکەی پەرلەمان بڕیار لەسەر چوون بۆ ئیمراڵی دەدات.
 
یڵدز گوتی: "تورکیا بۆ چارەسەری کۆتایی پرسی تیرۆر هەلێکی مێژوویی بۆ رەخساوە و پێویستە کۆمیسیۆنەکە لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان کۆببێتەوە."
 
فەتی یڵدز کە پێشتریش هانی لایەنەکانی داوە بۆ ئەوەی چیی زووە شاندێک لەو کۆمیسیۆنە پێکبهێنن و سەردانی ئیمراڵی بکەن، گوتی:"رۆژی هەینی 21 تشرینی دووەم، کۆمیسیۆنی پاڵپشتیی نیشتمانی، برایەتی و دیموکراسی بڕیار لەسەر چوون بۆ دوورگەی ئیمراڵی دەدات. ئەگەر پارتێکی سیاسی هەیە و نایەوێت پەرلەمانتار بداتە شاندەکە، دەبێت روونکرنەوە بۆ رای گشتی بڵاوبکاتەوە".
 
دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە) لە گوتاری کۆبوونەوەی فراکسیۆنی پارتەکەیدا رۆژی سێشەممە 18-11-2025 رایگەیاند، ئەگەر کۆمیسیۆنەکەی پەرلەمان نەچێتە ئیمراڵی، خۆی دەچێت و رووبەڕوو لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان دادەنیشێت.