هاوڕەگەزخوازێکی تورکیا بەهۆی دەرکەوتنی بە سەرپۆشەوە زیندانی کرا


رووداو دیجیتاڵ

موراد ئۆڤوچ، هاوڕەگەزخواز و کەسایەتیی ناسراوی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی تورکیا، بەهۆی بڵاوکردنەوەی گرتەیەکی ڤیدیۆیی کە تێیدا سەرپۆشی لەسەرە، خرایە زیندانەوە.
 
لەم چەند رۆژەدا گرتەیەکی ڤیدیۆیی موراد ئۆڤوچ بووەتە رۆژەڤ کە لەنێو فڕۆکەیە و سەرپۆشی لەسەرە. لەکاتێکدا ئەو کەسایەتییە بە هاوڕەگەزخواز و ترانس دەناسرێت. 
 
موراد ئۆڤوچ بە سەرپۆشەوە ڤیدیۆی خۆی تۆمارکردووە و بە گۆرانییەکەوە بڵاویکردووەتەوە. 
 
رۆژی شەممە، 20-12-2025، ئۆڤوچ بە بڕیاری داواکاری گشتی و بە تۆمەتی 'هاندانی خەڵک بۆ رق و کینە' لەلایەن تیمەکانی ئاسایشەوە دەستگیرکرا. دوای ئەوەی کاروبارەکانی دەستگیرکردنی لە بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایش تەواو بوون، رەوانەی دادگە کرا.
 
موراد ئۆڤوچ، چەند کاژێرێک بەر لە دەستگیرکرانی، لە تۆری کۆمەڵایەتییەوە رەخنەی گرت و رایگەیاند، ئەو گرتە ڤیدیۆییەی بەر لە سێ ساڵ تۆمارکردووە، بەڵام کەسانێک ئێستا کردوویانەتە رۆژەڤ.