لە هۆتێلێکی تورکیا بەهۆی ئاگرکەوتنەوە 10 کەس گیانیان لەدەستدا
رووداو دیجیتاڵ
لە پارێزگای بۆڵووی تورکیا، ئاگر لە هۆتێلێک کەوتووەتەوە، بەو هۆیەوە 10 کەس گیانیان لەدەستدا و 32ـی دیکەش بریندار بوون.
هۆتێلەکە لە ناوەندی خلیسکينەی سەر بەفری کارتاڵکایا ـیە کە دەکەوێتە سەر لووتکەی چیای کۆرۆغڵو.
ئاگرەکە بەیانیی ئەمڕۆ (سێشەممە، 21-1-2025) بە هۆکارێكی نادیار کەوتووەتەوە و لە ماوەیەکی کەمدا بە تەواوی هۆتێلەکەدا بڵاوبووەتەوە.
تیمەکانی بەرگریی شارستانی و ئافاد و تەندروستی رەوانەی شوێنی رووداوەکە کران. ئەو کەسانەی لە هۆتێلەکەدا گیریان خواردبوو، رزگار کران.
عەبدولعەزیز ئایدن، پارێزگاری بۆڵوو رایگەیاند، "234 میوان لە هۆتێلەکەدا بوون، ئاگرەکە کاژێر 03:30 خولەکی بەرەبەیان کەوتووەتەوە، بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان، لە چێشتخانەکەوە دەستیپێکردووە."
عەلی یەرلیکایا، وەزیری ناوخۆی تورکیا رایگەیاند بەهۆی ئاگرەکەوە 10 کەس گیانیان لەدەستداوە و 32ـی دیکەش بریندارن.