خوڵووسی ئاکار: بە فەرەنسییەکانمان گوت ئەگەر ئێوە دەستوەردان نەکەن، تورکیای بێ تیرۆر بەدی دێت

 
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی لیژنەی بەرگریی پەرلەمانی تورکیا دەڵێت، لە وەڵامی پرسیاری پەرلەمانتار و سیناتۆرە فەرەنسییەکاندا پێیان گوتوون، "ئەگەر ئێوە دەستوەردان نەکەن،" پڕۆسەی چارەسەری سەردەگرێت.
 
لە دانیشتنی شەوی رابردووی پەرلەمانی تورکیادا خوڵووسی ئاکار، سەرۆکی لیژنەی بەرگریی پەرلەمانی تورکیا گوتارێکی پێشکێش کرد و لە بەشێکیدا جەختی لەسەر پرۆسەی چارەسەری کردەوە و گوتی، "تورکیایەکی بێ تیرۆر لە ناوخۆی تورکیا و ناوچەیەکی بێ تیرۆریش لە سووریا بەدی دێت. هەرچی پێویست بووبێت بکرێت، بەڕێز سەرۆککۆمار و بەڕێز دەوڵەت باخچەلی کردوویانە و بەردەوامیش دەبن، ئەمەش لەپێناو بونیاتنان و بووژاندنەوەی تورکیای مەزن، بەهێز و بێ تیرۆر. هەرچیش لە تواناماندا بووبێت کردوومانە و دەیکەین، پشتیوان بەخودا سەرکەوتووش دەبین."
 
خوڵووسی ئاکار رایگەیاند، تەنانەت بیانییەکانیش بە تەنگ پرۆسەکەوەن و چاودێری دەکەن و لەمبارەیەوە گوتی، "لە کاتی کارەکانمان لە کۆمیسیۆنەکە، لە وەڵامی پرسیاری هەندێک پەرلەمانتار و سیناتۆری فەرەنسا کە گوتیان 'ئایا تورکیایەکی بێ تیرۆر دێتە دی؟' گوتمان: 'بەڵێ، ئەگەر ئێوە دەستوەردان نەکەن، تورکیایەکی بێ تیرۆر دێتە دی."
 
خوڵووسی ئاکار کە پێشتر لە پۆستەکانی سوپاسالار و وەزیری بەرگریی تورکیا بووە، دەڵێت، "تیرۆر زیانی زۆر گەورەی پێ گەیاندووین، بەتایبەتی کاتێک سەیری هەندێک خەرجیی دەکەین، باس لە نزیکەی دوو تریلیۆن دۆلار دەکرێ. باشە بەو دوو تریلیۆن دۆلارە چی نەدەکرا؟"
 
ئەگەرچی لە بابەتەکانی رۆژئاوای کوردستان، داهاتووی گەریلا و چەند بابەتێکی دیکە ناکۆکی لە بۆچوونی لایەنەکاندا هەیە، بەڵام پرۆسەی چارەسەری بەردەوامە و رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا بەردەوامە لە نیشاندانی پێداگری و گەیشتن بە چارەسەر.