باخچەلی: دەم پارتی بەرپرسی یەکەمی داگرتنی ئاڵای تورکیایە

 
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە) رایگەیاند، دەم پارتی بەرپرسیارە لە رووداوی داگرتنی ئاڵای تورکیا لەسەر سنووری نسێبین و قامیشلۆ. باخچەلی دەڵێت، پێویستە دەم پارتی خۆی یەکلایی بکاتەوە کە "ئایا لەگەڵ سەرکردەی دامەزرێنەری پەکەکەیە یان دژ بەو دەوەستێتەوە؟".
 
ئەمڕۆ چوارشەممە،21-01-2026، دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە لە راگەیێندراوێکی نووسراودا کاردانەوەی تووندی بەرامبەر گرژییەکانی سەر سنووری نێوان نسێبینی باکووری کوردستان و قامیشلۆی رۆژئاوای کوردستان نیشاندا.
 
لە بەشێکی راگەیێندراوەکەدا باخچەلی دەڵێت: "هەوڵی لایەنگرانی رێکخراوی جوداخواز بۆ کردنەوەی دەروازە سنوورییە داخراوەکەی نسێبین و پەڕینەوەیان، لەگەڵ هێرشکردنە سەر ئاڵای تورکیا، قورسترین ئاژاوەگەرییە کە تاوەکو ئەمڕۆ روویدابێت."
 
سەرۆکی مەهەپە پەنجەی تۆمەت بۆ سەرکردایەتیی دەم پارتی رادەکێشێت و دەڵێت: "ئاشکرایە کە دەم پارتی کۆبوونەوەی فراکسیۆنی خۆی لە نسێبین کردووە و هاوسەرۆکان گوتاریان پێشکەش کردووە، بۆیە ئەوان بەرپرسیاری پلە یەکن لە داگرتنی ئاڵای تورکیا."
 
باخچەلی بە دیاریکراوی هێرش دەکاتە سەر تونجەر باکرهان و دەڵێت: "قسە بێباکانەکانی هاوسەرۆکی دەم پارتی کە دوور بوون لە جددییەت و بەرپرسیارێتی، راستییەکە کە بووەتە هۆی زیاتر وروژاندنی دۆخەکە."
 
لەبارەی هەڵوێستی دەم پارتی بەرامبەر پرسی کورد و پەکەکە، دەوڵەت باخچەلی چەند پرسیارێک ئاراستەی ئەو حیزبە دەکات و دەڵێت "پێویستە بڕیار بدەن: "ئایا لەگەڵ سەرکردەی دامەزرێنەری پەکەکەن یان دژیەتی؟ ئایا وەکو یەدەگی تیرۆر دەمێننەوە، یان خزمەت بە داهاتوویەکی بێ تیرۆر دەکەن؟ ئایا پشتیوانی چەک و تووندوتیژی دەکەن، یان پابەندی رەوشتی سیاسەت و دیموکراسی دەبن؟ ئایا بەردەوام دەبن لە وروژاندنی برا کوردەکانمان بە بانگەشەی بێ بنەما، یان دەبنە پارتێکی تورکیایی، کە هەموو گەل لەخۆبگرێت؟"
 
سەرۆکی مەهەپە بانگەشەی ئەوە دەکات کە دەستێکی دەرەکی لەپشت رووداوەکانەوەیە و دەڵێت: "لە هێڵی سنووریی نسێبین-قامیشلۆ، پیلانی زایۆنیستی-ئیمپریالیستی خراوەتەگەڕ و ئاڵاکەمان داگیراوە. نابێت هیچ کەس گومانی لەوە هەبێت کە لە پشت ئەمەوە ئۆپەراسیۆنێکی هەواڵگریی نهێنی هەیە."
 
هەروەها داوا دەکات دەم پارتی "دەستبەجێ واز لە وروژاندنی برا کوردەکانمان و ئاوکردنە ئاشی زایۆنیزم بهێنێت."  
 
لە کۆتایی راگەیێندراوەکەدا، باخچەلی جەختی لەسەر پاککردنەوەی رۆژهەڵاتی فورات کردووەتەوە و دەڵێت: "هەسەدە/یەپەگە رێکخراوێکی تیرۆریستییە و ناتوانێت نوێنەرایەتیی برا کوردەکانمان بکات. دەبێت رۆژهەڵاتی فوراتیش وەک رۆژئاواکەی بە تەواوی لە تیرۆر پاکبکرێتەوە؛ ئەو رۆژەش هەر ئەمڕۆیە."