دەمیرتاش بە "تاوان"ی سووکایەتیکردن بە ئەردۆغان و داودئۆغڵو سزادرا
رووداو دیجیتاڵ
سزای سێ ساڵ و شەش مانگ بۆ سەڵاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆکی پێشووی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) لە کەیسی "سووکایەتیکردن بە سەرۆککۆمار" لەلایەن دادگەی ئیستەنبووڵەوە پشتڕاستکرایەوە.
ئەمڕۆ دووشەممە 21-02-2022 دادگەی دووەمی سزاکانی عەدلیەی ئیستەنبووڵ داواکارییەکەی پشتڕاستکردەوە و بڕیاری پێ دەرکرد. ئەو دادگەیە رایگەیاندووە دوای تاوتوێکردنی بەڵگەکان و لێپێچینەوە لە دۆسیەکە، بڕیارەکە دراوە و "ئەو بڕیارەش هیچ پێشێلکارییەکی یاسایی تێدانییە". ئەمە لەکاتێکدایە پارێزەرانی دەمیرتاش رەخنەی تووندیان لە کۆی پرۆسەی دادگەییکردنی دەمیرتاش هەیە و بە پرۆسەیەکی سیاسی و دوور لە چوارچێوە یاساییەکان، ناوی دەبەن.
هاوکات داواکاریی پارێزەرانی دەمیرتاش لەبارەی گواستنەوەی دۆسیەکە بۆ تێهەڵچوونەوە، لەلایەن دادگەکەوە رەتکرایەوە.
لە بەشێکی تۆمەتنامەکەی ئەم دۆسیەیەدا باس لەو گوتارە کراوە، کە سەڵاحەدین دەمیرتاش 24ی کانوونی یەکەمی 2014 لەکارتی گەڕانەوەی لە رووسیاوە پێشکێشیکردووە و گوایە تێیدا سووکایەتی بە رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا و ئەحمەد داودئۆغڵو، سەرۆکوەزیرانی ئەوکاتی تورکیا کردووە. دادگە ئەو دوو دۆسیەیەی کردووەتە یەک دۆسیە و لەسەر ئەو بنەمایە بڕیاری داوە.
ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان کاتێك لە 2014دا بۆ یه‌كه‌مینجار به سه‌رۆككۆماری توركیا هه‌ڵبژێردرا، ماددەی 299ی له یاسای ژماره 5237ی تایبه‌ت به یاسای سزاكانی توركیا هەموارکردەوە و بە زیادکردنی چەند بڕگەیەک ماددەکەی قورس‌تر کرد.
به‌گوێره‌ی بڕگه‌كانی ئه‌و مادده‌یه، هه‌ر كه‌سێك سووكایه‌تی به سه‌رۆككۆمار بكات سزای ساڵێك بۆ چوار ساڵ زیندانیكردنی به‌سه‌ردا ده‌سه‌پێندرێت. ئه‌وانەشی پارێزبه‌ندییان هه‌یه، بە قەرەبووی دارایی سزا ده‌درێن. زۆرترین سزای قەرەبووی دارایی‌ش بە کەمال کڵچدارئۆغڵو دراوە، بە تۆمەتی ئەوەی لەکاتی گوتارەکانیدا سووکایەتی بە ئەردۆغان کردووە.
بەپێی ئاماری وه‌زاره‌تی دادی توركیا، له ساڵی 2014دا 40 كه‌س، له ساڵی 2015دا 238 كه‌س، له ساڵی 2016دا 884 كه‌س، له ساڵی 2017دا 2 هه‌زار و 99 كه‌س، له ساڵی 2018دا 2 هه‌زار و 462 كه‌س و له ساڵی 2019شدا 3 هه‌زار و 831 كه‌س بە "تاوان"ی سووکایەتیکردن بە ئەردۆغان به یه‌ك بۆ چوار ساڵ به‌ندكردن سزادراون. به‌مه‌ش له سه‌رده‌می سه‌رۆكایه‌تیی ئه‌ردۆغاندا 9 هه‌زار و 554 كه‌س ته‌نیا به تۆمه‌تی سووكایه‌تیكردن به سه‌رۆككۆمار خراونه‌ته زیندانه‌وه.