خولوسی ئاکار: دوای بوومەلەرزە زیاتر لە 20 هەزار پەنابەری سووری ئارەزوومەندانە گەڕاونەتەوە


رووداو دیجیتاڵ 

وەزیری بەرگریی تورکیا رایگەیاند، دوای بوومەلەرزەکە زیاتر 20 هەزار پەنابەری سووری بە ئارەزووی خۆیان گەڕاونەتەوە سەر خاکی خۆیان. 
 
دوای بوومەلەرزەکانی شەوی رابردوو، کە بە گوڕی 6.4 و 5.8 پلەی رێختەر لە شارۆچکەکانی دەفنە و نورداغی سەر بە پارێزگای هاتای تورکیا روویدا، ئەمڕۆ سێشەممە 21ـی شوباتی 2023، خولوسی ئاکار، وەزیری بەرگریی تورکیا لەگەڵ یاشار گولەر سەرۆک ئەرکانی سوپای تورکیا سەردانی ناوەندی شاری هاتای کرد.  
 
خولوسی ئاکار، رەتیکردەوە کە لە دوای بوومەلەرزەکەی مەرەش لێشاوی پەنابەران لەدیوی سووریاوە بۆ تورکیا دەستیپێکردبێت و گوتی، "هاووڵاتییانی سووریا هەن کە لە تورکیاوە گەڕاونەتەوە بۆ ماڵ و خاکی خۆیان لە سووریا. ئێستا ئەم ژمارەیە زیاترە لە 20 هەزار کەس." 
 
وەزیری بەرگریی تورکیا لەبارەی ئەو دەنگۆیانەی باس لەوە دەکەن کە لە دوای بوومەلەرزەکەی مەرەش درەنگ جووڵە بە سوپا کراوە بۆ بەهاناوەچوونی زیانبەرکەوتووانی بوومەلەرزە گوتی: "روونکردنەوەی پێویستمان دا، کەسانێک پێداگرن لەوەی ئەو روونکردنەوانە نەبینن و تێی نەگەن. لە یەکەمین ساتی بوومەلەرزەکەوە سەربازەکانمان لەگەڵ میللەت و هاووڵاتییان بوون و بەردەوامیش دەبن."