ئەردۆغان: چاودێری پرۆسەی لێکۆڵینەوە لە هێرشکردنە سەر قوتابخانەکان دەکەم

رووداو دیجیتاڵ 

رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا رایگەیاند بەردەوام چاوێری پرۆسەی لێکۆڵینەوە لە هێرشەکانی سەر دوو قوتابخانەی باکووری کوردستانی دەکات. راشیگەیاند، چەندین کەس لەسەر ئەو دوو رووداوە دەستگیرکراون. رەخنەی تووندیشی لە جەهەپە گرت و بە "نابەرپرسیار" ناوی بردن.
 
دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ وەزیرانی وڵاتەکەی کە رۆژی دووشەممە 20-4-2026 بەرێوەچوو، رەجەب تەیب ئەردۆغان دوایین زانیاریی لەبارەی هێرشی سەر دوو قوتابخانەکەی باکووری کوردستان دا و گوتی:" لە هێرشەکەی سوێرەک هەشت کەس خرانە گرتووخانە، هەروەها لە هێرشە نەگریسەکەی مەڕەش، باوکی هێرشکارەکە کە خاوەنی چەکەکانە خرایە گرتووخانە. منیش وەک سەرۆککۆمار هەر لە یەکەم ساتەوە بە وردی چاودێریی پرۆسەکەم کرد و بەردەوامیش دەبم لە چاودێریکردنی قۆناخی داهاتووی پرۆسەکە".
 
لەدوای رووداوەکە چەند لایەنێک رەخنەی تووندیان لە حکومەتی تورکیا گرت و بە کەمتەرخەم ناویان برد.
 
ئەردۆغان وەڵامی پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە)ی دایەوە و گوتی: "پارتی ئۆپۆزیسیۆنی دایک، یەکەمین شت کە لەم رووداوەدا هاتە عەقڵی، رەخنەگرتن بوو لە چالاکییەکانی مانگی رەمەزان. وەک ئەوەی ئەمە بە دەرفەتێک بزانێت، روونکردنەوەی نابەرپرسیارانەی بڵاوکردەوە".
 
سەرۆککۆماری تورکیا رایگەیاند لە هێرشەکەی شارۆچکەی سوێرەکی سەر بە رووهادا 19 کەس بریندار بوون و 14یان چارەسەر کران. 
پرۆسەی چارەسەرکردنیی دوو مامۆستا و سێ قوتابی بەردەوامە و تەندروستیی هیچ یەکێکیان لە مەترسیدا نییە.
 
هەروەها لەبارەی هێرشی سەر قوتابخانەکەی مەڕەشی باکووری کوردستان، ئەردۆغان گوتی کە نۆ کەس گیانیان لەدەستداوە و 21یش بریندار بوون. 15 لەو بریندارانە چارەسەریان وەرگرت و چاکبوونەوە. سێیان لە چارەسەری چڕن و پرۆسەی چارەسەرکردنی شەش برینداریش بەردەوامە. 
 
چی روویدابوو؟
 
رۆژی 14-4-2026، گەنجێکی تەمەن 19 ساڵ بەناوی عومەر کەت، هێرشی کردە سەر قوتابخانەیەکی ئامادەیی پیشەیی لە شارۆچکەی سوێرەکی سەر بە پارێزگای رووها و دەستڕێژی گولـلەی کرد. 
 
تەنیا رۆژێک دواتر قوتابییەکی پۆلی هەشت لە قوتابخانەی ئایسەر چاڵک لە شارۆچکەی 12ـی شوباتی سەر بە پارێزگای مەرەشی باکووری کوردستان  هێرشی کردە سەر قوتابخانەکەی و دەستڕێژی گوللەی کرد.