وەزیری دادی تورکیا لەبارەی گولستان دۆکو: گرنگ دۆزینەوەی شوێنی گۆڕەکەیەتی
رووداو دیجیتاڵ
وەزیری دادی تورکیا، سەبارەت بە دۆسیەی گولستان دۆکو رایگەیاند، ''گرنگ دۆزینەوەی شوێنی گۆڕەکەیەتی. دیاریکردنی شوێنی تەرمە بێ گیانەکەیەتی. هاوکارانمان کاری لەسەر دەکەن. یەکەیەکی تایبەتمان پێکهێناوە.''
ئاکن گورلەک، وەزیری دادی تورکیا لە دوایین لێدوانیدا کە ئەمڕۆ سیشەممە 21ی نیسانی 2026 بڵاوکراوەتەوە لەبارەی لێکۆڵینەوەکان لە دۆسیەی گولستان دۆکو، رایگەیاند، 11 کەس لەو دۆسیەیەدا خراونەتە زیندانەوە.
تاوەکو ئێستا تەرمی گولستان نەدۆزراوەتەوە. گورلەک گوتی، "لێکۆڵینەوەکان بۆ دۆزینەوەی شوێنی تەرمی گولستان دۆکو بەردەوامن." وەزیری داد گوتیشی، یەکەیەکی تایبەتیان بۆ ئەم مەبەستە پێکهێناوە.
وەزیر گورلەک، باسی لەوە کرد کە سەرجەم ئەو دۆسیانەی بە نادیاری ماونەتەوە، لەلایەن یەکەیەکی تایبەتەوە سەرلەنوێ پێداچوونەوەیان بۆ دەکرێت و گوتی، "سەرجەم دۆسیە بکەر نادیارەکان و ئەوانەی پێشتر داخراون، یەک بە یەک پێداچوونەوەیان بۆ دەکرێت. سەیر دەکرێت ئایا هیچ کەموکوڕییەک هەیە یان نا. بەتایبەتی ئەو دۆسیانەی کە لە کۆمەڵگەدا هەستیارییان دروستکردووە.
گولستان دۆکو، کچە کوردێکی خەڵکی ئامەد بوو و لە زانکۆی دێرسیم دەیخوێند. لە 5ی کانوونی دووەمی 2020، کاتێک تەمەنی 21 ساڵ بوو، دوای دەرچوونی لە بەشی ناوخۆیی زانکۆکە بێسەروشوێن بوو و تاوەکو ئێستا هیچ سۆراخێکی نییە.
رۆژی سێشەممە، 14ـی نیسانی 2026، دۆسیەکە وەرچەرخانێکی نوێی بەخۆیەوە بینی و 15 کەس دەستبەسەرکران. تائێستا 11 لە دەستبەسەرکراوەکان بە بڕیاری دادگە خراونەتە زیندانەوە و دووانی دیکەش بە مەرجی دادی ئازادکراون، لێکۆڵینەوەکانیش بۆ دۆزینەوەی چارەنووسی گولستان بەردەوامن.