لە هاتای بەهۆی لافاوەوە کەسێک گیانی لەدەستدا


رووداو دیجیتاڵ

لە شارۆچکەی ئانتاکیا لە ناوەندی پارێزگای هاتایی تورکیا، بەهۆی لافاوەوە خانوویەک رووخا و کەسێک گیانی لەدەستدا.

شەوی چوارشەممە، 20ـی ئایاری 2026، بەهۆی بارانی بەخوڕەوە لە شارۆچکەی ئانتاکیا لافاو دروستبوو و لە گەڕەکی عومەر ئالپاگۆت خانوویەک رووخا. بەهۆیەوە چوار کەسی نێو ماڵەکە کەوتنە ژێر داروپەردووی خانووەکەوە.
 
دوای ئاگادارکردنەوە، تیمەکانی تەندروستی، ئافاد، بەرگریی شارستانی و پۆلیس رەوانەی شوێنی رووداوەکە کران.
 
تیمەکانی ئافاد و بەرگریی شارستانی سێ کەسیان لەژێر داروپەردووەکە رزگارکرد، بەڵام کەسێکیان گیانی لەدەستدا.
 
لەلایەکی دیکەوە، رێگەی رەیحانلی-ئانتاکیا، چوارڕیانی نارلیجا و رێگەی ئانتاکیا-سامانداغ بە رووی هاتووچۆدا داخران.