ئاکپارتی داوا دەکات ئەنجوومەنی راوێژکاری بۆ پرۆسەی چارەسەری پێکبهێنرێت

 
رووداو دیجیتاڵ
 
بەرپرسانی پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکپارتی) پێشنیازەکانی دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە، بۆ کۆنترۆڵکردنی پرۆسەی چەکدانان بە ئەرێنی هەڵدەسەنگێنن و رایدەگەیێنن کە دەکرێت میکانیزمێک لەژێر چاودێری سەرۆکی پەرلەماندا پێکبهێنرێت. 
 
بەرپرسانی ئاکپارتی ئامادەکاری بۆ  گۆڕانکاری لە دۆخی عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە زیندانی ئیمراڵی دەکەن و پێیانوایە ئەم پێشنیازانە پرۆسەی دانانی چەک بەهێزتر دەکەن.
 
سەبارەت بە پێشنیازی پێکهێنانی لێژنەی چاودێری بۆ قۆناخی "تورکیای بێ تیرۆر" بەرپرسانی ئاکپارتی بە رۆژنامەی تورکیایان رایگەیاندووە، پێشنیازەکانی باخچەلی بەنرخن، دەکرێت میکانیزمێکی لەشێوەی ئەنجوومەنی راوێژکاری لە پەرلەمان پێکبهێنرێت کە نوێنەری 14 پارتی جیاوازی تێدا بێت بۆ دڵنیابوونەوە لە بەردەوامی پرۆسەی چەکدانان.
 
 هەروەها رایانگەیاند کە دەرکردنی یاسای تایبەت بەستراوەتەوە بە هەنگاوی کۆنکرێتی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لەسەر مەیدان. ئاکپارتی راشکاوانە لە بەرێوەچوونی هەنگاوەکانی چەکدانان لە مەیدان رازی نییە.
 
بەرپرسانی تورکیا رایدەگەیێنن کە لەگەڵ جێگیربوون و پشتڕاستکردنەوەی پرۆسەی دانانی چەک، پێشکەوتن لەم پرۆسەی (تورکیای بێ تیرۆر) بەدی دێت و پێویستی بە رێکخستنی کارگێڕی و یاسایی دروست دەبێت. ئەوان ئاماژە بەوە دەکەن کە بەبێ پێشکەوتن لە پرۆسەی چەکداناندا، هەموارکردنی یاسایی ئەستەم دەبێت.
 
سەبارەت بە دۆخی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، بەرپرسانی ئاکپارتی ئاشکرایان کرد کە دەکرێت زەمینەیەک بڕەخسێندرێت تاوەکو ئۆجەلان لەگەڵ کەسایەتی ئەکادیمی، سەرۆکی رێکخراوە مەدەنییەکان، سیاسییەکان و رۆژنامەڤانان کۆببێتەوە و بیروڕاکانی خۆی دەربارەی پرۆسەکە بەش بکات. 
 
هاوکات ئەوەشیان رەتکردەوە کە هیچ دیدارێکی فیزیکی لە نێوان ئۆجەلان و سەرکردەکانی دیکەی قەندیل یان رۆژئاڤا لە ئیمراڵیدا روویدابێت و رایانگەیاند، پەیوەندییەکان تەنیا لە رێگەی نامە و نامەی دەنگی و ڤیدیۆییەوە بووە.
 
دەوڵەت باخچەلی سەرۆکی پارتی بزوتنەوەی نەتەوەی (مەهەپە) لە 5ی ئایاردا داوای دەست یشانکردنی پێگەی ئۆجەلانی کرد  و دواتر لە هەڤپەیڤینێکدا داوای نوێ کردنەوەی نەخشەرێگەی پرۆسەکەی کرد. 
 
عومەر چەلیک، گوتەبێژی ئاکپارتی، لە 19ی ئایاری 2026 دا ئاماژەی بەوە کرد کە پێداچوونەوە بۆ نەخشەڕیگەی پرۆسەی چارەسەری دەکرێت و رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا لە 20ی ئایاری 2026 پشتراستی کردەوە کە ئەوان پێداگرن لەسەر سەرخستنی پرۆسەی "تورکیای بێ تیرۆر" و دامەزراوەکانی دەوڵەتیش بە چڕی کار لەسەر نەخشەرێگەی جیاواز دەکەن.