بەهۆی بارانی بەخوڕەوە لە ئەنقەرە لافاو دروستبوو
رووداو دیجیتاڵ
دوای بارینی بارانێکی زۆر لە ئەنقەرە و چەند پارێزگایەکی دیکەی تورکیا، لافاو دروستبوو و لە هەندێک شوێنیش زیانی بە خەڵکی گەیاند.
ماوەی 3 رۆژە شەپۆلێکی بارانبارین ژمارەیەک پارێزگای باکووری کوردستان و تورکیای گرتووەتەوە. دوێنێ سێشەممە 20-6-2023 باران لە ئەنقەرە و چەند پارێزگایەکی دیکەی نزیک لە دەریای رەش بەخوڕتر بوو و ئەوەش بووە هۆی دروستبوونی لافاو.
بەهۆی لافاوەوە هاتووچۆ لە گەڕەکی یەنی مەهەڵڵای ئەنقەرە و چەند شوێنێکی دیکە پەکیکەوت. ئۆتۆمبیلەکان لەنێو شەقام پەکیان کەوت و هاووڵاتییان پەیوەندییان بە بەرگریی شارستانییەوە دەکرد بۆ ئەوەی رزگاریان بکەن.
دەزگای کەشناسیی تورکیا ئەمڕۆ چوارشەممە هۆشداریی بڵاوکردەوە سەبارەت بە بەردەوامبوونی بارانبارین و ئەگەری دروستبوونی لافاو.
کەشناسیی تورکیا زیاتر ئاماژەی بەوە کردووە کە ئەگەر هەیە ئەمڕۆ باران زیاتر لە پارێزگاکانی باکووری رۆژهەڵات و باکووری رۆژئاوای تورکیا ببارێت.