تورکیا باڵیۆزانی هۆڵەندا و دانیمارک بەهۆی سووتاندنی قورئانەوە بانگهێشتی وەزارەتی دەرەوە دەکات
رووداو دیجیتاڵ
دوای ئەوەی قورئانی پیرۆز لەبەردەم لە باڵیۆزخانەکانی تورکیا لە هەریەکە لە لاهایی هۆڵەندا و کۆپنهاگنی دانیمارک سووتێندران، باڵیۆزانی هەردوو وڵات لە ئەنقەرە بانگهێشتی وەزارەتی دەرەوەی تورکیا کران.
بەهۆی سووتاندن، دڕاندن و بێڕێزیکردن بە قورئانی پیرۆز لە پایتەختەکانیان لە دوو کاتی جیاوازدا، ئەمڕۆ دووشەممە، 21-8-2023 وەزارەتی دەرەوەی تورکیا بانگهێشتی هەریەک لە باڵیۆزانی هۆڵەندا و دانیمارکی کرد. لە دیداری نێوانیاندا بەرپرسانی وەزارەتی دەرەوەی تورکیا باسیان لە بەردەوامیی هەڵمەتی بێڕێزیکردن بە قورئانی پیرۆز کرد و سەرکۆنەی ئەو هەڵمەتانەیان کرد.
قەیرانی سووتاندنی قورئان لە چەند وڵاتێکی ئەوروپا بەردەوامە و دوایین هەڵمەت لە وڵاتانی هۆڵەندا و دانیمارک بوو. ئێوارەی هەینیی رابردوو، 18-8-2023 لە لاهایی پایتەختی هۆڵەندا و لە بەردەم باڵیۆزخانەی تورکیا کۆپیی قورئانی پیرۆز سووتێندرا.
ئەدوین واگنسڤیلد، سەرۆکی رێکخراوی راستڕۆی دژە ئیسلام (Pegida) قورئانێکی گرتە دەست و لە بەردەم باڵیۆزخانەی تورکیا لە لاهای دڕاندی. دوای ئەوەی سکاڵا تۆمارکرا، دادگەی لاهای ئەو کارەی بە ئازادی بیروڕا وەسفکرد.
هەروەها رۆژی 2-8-2023 بەشێک لە ئەندامانی کۆمەڵەی نیشتمانپەروەرانی دانیمارک قورئانیان سووتاند و بانگەوازیان کرد کاڵای تورکیا بە تەواوی بایکۆت بکرێت.
ئەمانە لەکاتێکدان وڵاتی سوێدیش زوو زوو کاری هاوشێوەی تێدا دەکرێت و لە زۆربەی جارەکانیشدا تورکیا و بەشێکی وڵاتانی دیکەی زۆرینە موسڵمانی وەکو عێراق کاردانەوەیان نیشانداوە.