دەنگدان لە ئیستەنبووڵ سوودی نەبوو و سەرۆکشارەوانی بە تیروپشک هەڵبژێردرا
رووداو دیجیتاڵ
دوای ئەوەی سەرۆکی شارەوانیی بایرام پاشای ئیستەنبووڵ بە تۆمەتی گەندەڵی درایە دادگە و لە ئەرکەکەی دوورخرایەوە، دەنگدان بۆ دیاریکردنی جێگرەوەی بەڕێوەچوو.
حەسەن موتڵو کە ئەندامی پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە)یە، رۆژی 31-3-2024 لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکاندا بووە سەرۆکی شارەوانیی بایرام پاشای ئیستەنبووڵ.
ئێستاش بە تۆمەتی بوونی گەندەڵی دادگەیی دەکرێ و دەستبەسەرە.
ئەمڕۆ یەکشەممە 21-9-2025 لەو شارەوانییەدا دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی جێگرەوەیەک بۆ راییکردنی کارەکان کرا.
ئیبراهیم قارەمان، بەربژێری جەهەپە بوو و ئیبراهیم ئاکن، بەربژێری ئاکپارتی بوو بۆ ئەو پۆستە.
دوای بەڕێوەچوونی 4 خولی دەنگدان، هەریەک لە بەربژێران 18 دەنگیان هەبوو و کەس نەیتوانی براوە بێ.
دواجار لیژنەی دامەزراوەی باڵای هەڵبژاردنەکانی تورکیا بڕیاری دا لە رێگەی تیروپشکەوە پۆستەکە یەکلایی بکاتەوە.
هەر لەنێو تەلاری سەرۆکایەتیی شارەوانیدا توورەکەیەکیان هێنا و ناوی هەردوو بەربژێریان تێکرد.
دوای راکێشان، بەربژێرەکەی جەهەپە دەرچوو.
لە دوایین هەڵبژاردنی شارەوانییەکاندا جەهەپە 46.6٪ و ئاکپارتی 41.6٪ی دەنگی شارەوانیی بایرام پاشای ئیستەنبووڵیان بەدەستهێنا.