باخچەلی: بەهیچ شێوەیەک رێگەنادەین ئاشتی تێکبدرێت
رووداو دیجیتاڵ
دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی تورکیا (مەهەپە) دەڵێت، هەوڵەکان بۆ تێکدانی ئاشتی چڕبوونەتەوە، "بەڵام ئێمە لەبەر خاتری ناحەزان برایەتیی تورک و کورد تێکنادەین".
پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەممە، باخچەلی لە کۆبوونەوەی هەفتانەی فراکسیۆنی مەهەپە لە پەرلەمانی تورکیا گوتارێکی پێشکەش کرد.
دەوڵەت باخچەلی رایگەیاند، "تورکیا یەک میللەت و یەک دەوڵەتە. ئامانجی سەرەکی دەوڵەت ئەوەیە تیرۆر نەمێنێت.. بەهیچ شێوەیەک رێگەنادەین ئاشتی تێکبدرێت".
ئەو هەروەها گوتی، "رێکخراوی تیرۆریستیی پەکەکە هەڵوەشێنراوەتەوە. ئیمراڵی بەڵێنەکەی خۆی بردەسەر. لەم چوارچێوەیەدا راگەیاندنی ئیمراڵی، کە داوای دەوڵەتی نەتەوەیی جیاواز، فیدراڵی، ئۆتۆنۆمی و تەنانەت داواکارییە کولتوورییەکانیش بوونیان نییە و رێکخراوی تیرۆریستی بێمانا بووە و پێویستە خۆی هەڵبوەشێنێتەوە، لێدوانێکی زۆر گرنگ و پابەندکەرە".
پرۆسەی چەکدانانی یەپەگە لە رۆژئاڤای کورستان و رێکەوتنیان لەگەڵ حکوومەتی سووریا یەکێكی دیکە بوو لەو خاڵانەی باخچەلی بە پێداگریییەوە قسەی لەسەرکرد.
لەبارەی رۆژئاڤاوە ئاماژەی بەوە کرد، "ئێستا نۆرەی ئەوەیە هەموو پێکهاتەکانی رێکخراوەکە چەکەکانیان بسووتێنن و دایبنێن. لە سووریا، جموجووڵی گفتوگۆکان لەبارەی پرۆسەی تێکەڵکردنی هەسەدە/یەپەگە لەگەڵ حکومەتی ناوەندی و قۆناخەکانی دانوستاندن کە بە ئەرێنی بەڕێوەدەچن، لە سەرووی رۆژەڤی گەرمەوەن. یەکپارچەیی سیاسی و خاکی و سەروەریی سەربەخۆیی سووریا، بۆچوونێکی سیاسی و دیپلۆماسییە کە کۆماری تورکیا پشتگوێی ناخات".