کۆمیسیۆنی تایبەت بە پرۆسەی چارەسەری بڕیار لە سەردانی ئیمڕاڵی دەدات
رووداو دیجیتاڵ
کۆمیسیۆنی یەکێتیی نەتەوەیی، برایەتی و دیموکراسی لە کۆبوونەوەی رۆژی هەینیدا، بابەتی سەردانی ئیمراڵی و دیدار لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە دەخاتە دەنگدانەوە و بڕیاری لەسەر دەدات.
دەم پارتی، ئەندامی خۆی لە کۆمیسیۆن بۆ ئەو سەردانە دیاری کردووە و بەتایبەتیش جەهەپە داوا لە هەموو لایەنەکان دەکات بە ئەرێنی مامەڵە لەگەڵ ئەم هەنگاوەی کۆمیسیۆن بکەن.
عائیشەگوڵ دۆغان، گوتەبێژی دەم پارتی دەڵێت، "دەبێت هەموو حیزبە سیاسییەکان، لە سەرووی هەمووشیانەوە گەورەترین پارتی ئۆپۆزیسیۆن کە لە هەڵبژاردنە خۆجێییەکاندا بووە یەکەم، بەپێی ئەم راستییە بجوڵێنەوە. پێچەوانەی ئەمە بێدادییە بەرامبەر بەم وڵاتە و خۆشیان."
ئاکپارتیش لەگەڵ ئەندامانی خۆی لەنێو کۆمیسیۆنەکە کۆبووەوە.
عەبدوڵڵا گولەر، سەرۆکی فراکسیۆنی ئاکپارتی دوای کۆبوونەوەکە، هەڵوێستی حزبەکەی ئاشکرا کرد و گوتی: "ئێمە لەگەڵ هاوپەیمانیی جمهوور بە ئەرێنی لە سەردانی ئیمڕاڵی دەڕوانین، ئەگەر لەسەر چوون بۆ ئیمڕاڵی دەنگ بدرێت، دەنگی ئێمە بەڵێیە."
سەرۆکی فراکسیۆنی ئاکپارتی دەشڵێت، "ناوی ئەو کەسەی دەچێتە ئیمڕاڵی هێشتا دیار نییە و ئێمە ئەم بابەتە هەڵدەسەنگێنین."
بەر لە کۆبوونەوەی ئاکپارتی، فەتی یڵدز، جێگری سەرۆکی مەهەپە و ئەرکان ئاکچای، بریکاری سەرۆکی فراکسیۆنی مەهەپە لەگەڵ عەبدوڵڵا گولەر و ئەفکان ئاڵا، بریکاری سەرۆکی ئاکپارتی کۆبوونەوە.
فەتی یڵدز، جێگری سەرۆکی مەهەپە: "لەبەر ئەوەی پێشنیازە یاسا ئامادە ناکرێت، زۆرینەی ئاسایی بۆ بڕیارەکە بەس دەبێت."
پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە)ـش بە سەرۆکایەتیی ئۆزگور ئۆزەل، لەسەر پرسی سەردانی ئیمڕاڵی، ماوەی دوو کاژمێر لەگەڵ ئەندامانی خۆی لە کۆمیسیۆن کۆبووەوە.
سەزگین تانریکوڵو، ئەندامی کۆمیسیۆن لە پشکی جەهەپە بە رووداوی گوت، لەو کۆبوونەوەیەدا بڕیار لەسەر سەردانی ئیمڕاڵی نەدراوە و حزبەکەی پێش کۆبوونەوەی کۆمیسیۆنەکە، بڕیاری خۆی رادەگەیەنێت.
سەرکان رامانڵی، پەرلەمانتاری هوداپار لەوبارەیەوە ئاماژەی بەوەدا، "ئەگەر حیزبەکانی وەک دەم پارتی، مەهەپە و ئاکپارتی بڵێن سەردانی ئیمڕاڵی رێگە لەبەردەم ئەم پڕۆسەیە دەکاتەوە، ئێمەش بەشداری لەم بڕیارەدا دەکەین."
لە 51 ئەندامی کۆمیسیۆنەکە، 22یان لە ئاکپارتی، 5ـیان لە دەم پارتی و 4ـیان لە مەهەپەن. ئەگەر زۆرینە دەنگ بە بەڵێ بدەن، سەردانی ئیمراڵی دەکرێت.