راوێژکارێکی ئەردۆغان: بانگەوازی 27ـی شوبات پابەندکەرە و نابێت لەو چوارچێوەیە دەربچن


رووداو - هەولێر

گەورە راوێژکارێکی سەرۆککۆماری تورکیا لەبارەی پرۆسەی چارەسەری و یاسای قۆناخی گواستنەوە، هۆشداری دەدات و دەڵێت، نابێت داواکاریی ئەستەم بخرێتەڕوو و، دەبێت هەمووان پابەندی بانگەوازی 27ـی شوبات بن.
 
محەممەد ئوچووم، گەورە راوێژکاری سەرۆککۆماری تورکیا و جێگری سەرۆکی دەستەی سیاسەتە یاساییەکانی سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا، لە شرۆڤەیەکدا کە رۆژی یەکشەممە، 21ـی کانوونی یەکەمی 2025، لە ئێکس بڵاویکردەوە، تیشکی خستەسەر هەنگاوە یاساییەکانی قۆناخی گواستنەوە.
 
ئوچووم لە شرۆڤەکەیدا ئاماژەی بەوە کردووە، هەوڵدان بۆ کردنی "مامەڵەی دیموکراسی" لە قۆناخی گواستنەوەدا لە بنەڕەتەوە "هەڵەیەکی ریشەییە". ئەو دەڵێت: "یاسای قۆناخی گواستنەوە تەنیا بە لێکۆڵینەوە، دادگاییکردن و رێکخستنەکانی جێبەجێکردنی سزای ئەندامانی رێکخراوی تیرۆریستیی هەڵوەشاوە و بابەتی یەکگرتنەوەیان لەگەڵ کۆمەڵگە سنووردارە."
 
بە بڕوای ئوچووم، بابەتە گشتییەکانی دیموکراسی و چاکسازییە یاساییەکان، بابەتی قۆناخی گواستنەوە نین و دەبێت بخرێنە دوای تەواوبوونی ئەم قۆناخە.
 
گەورە راوێژکارەکەی ئەردۆغان جەختی لەوە کردەوە پێویستە هەموو لایەک بە "ژیرانە و واقیعیانە" مامەڵە بکەن و دەڵێت: "دۆخەکە روونە؛ بانگەوازی 27ـی شوبات بۆ هەموو لایەنەکان پابەندکەرە و نابێت لەو چوارچێوەیە دەربچن. هەروەها لە سووریاش، پابەندبوونی رەها بە رێککەوتنی 10ـی ئادار مەرجە."
 
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، ئوچووم ئەرکی لایەنەکان و "دەم پارتی" وەبیردەهێنێتەوە: "پێشنیازکردنی داواکاریی تووندڕەوانە و ئەستەم، جگە لە پەکخستنی پرۆسەکە هیچ سوودێکی دیکەی نابێت."
 
محەممەد ئوچووم هۆشداریدایە ئەو لایەنانەی زمانی "دووژمنکارانە" بەرامبەر دەوڵەت بەکاردەهێنن و گوتی: "بەکارهێنانی زمانی دووژمنکارانە بەرامبەر ئەو دەوڵەتەی کە قۆناخی گواستنەوە بەڕێوەدەبات، هەرگیز قبووڵ ناکرێت. پێویستە هەڵوێستێکی روون بەرامبەر ئەو کەسانە وەربگیرێت کە هەوڵی تێکدانی ئەم دەرفەتە مێژووییە دەدەن."
 
ئوچووم ئاماژەی بەوە کرد، کاتێک قۆناخی گواستنەوە بە سەرکەوتوویی تەواو بوو و ئارامی و ئاسایش مسۆگەر بوو، "ئەوکات زۆر بابەت دەکرێت بێنە رۆژەڤ، بەو مەرجەی لەگەڵ یەکپارچەیی تورکیا بگونجێن."
 
ئەم لێدوانانەی ئوچووم لە کاتێکدایە کە کۆمیسیۆنی "یەکڕیزیی نیشتمانی، برایەتی و دیموکراسی" لە پەرلەمانی تورکیا، لە قۆناخی کۆتایی ئامادەکردنی راپۆرتی خۆیدایە سەبارەت بە داڕشتنی سیاسەتێکی یاسایی بۆ قۆناخی گواستنەوە.