کەجەکە: داگرتنی ئاڵای تورکیا لە نسێبین ئاژاوەگێڕییە و بۆ تێکدانی پرۆسەی ئاشتییە
رووداو دیجیتاڵ
هاوسەرۆکایەتیی دەستەی بەڕێوەبەریی کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە) داگرتنی ئاڵای تورکیا لە نسێبین بە "ئاژاوەگێڕی" و هەوڵێک بۆ تێکدانی پرۆسەی ئاشتی و چارەسەری دیموکراتی لە تورکیا ناو دەبات.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 22-01-2026، کەجەکە لە راگەیێندراوێکدا سەبارەت بە رووداوەکانی سەر سنووری نسێبین - قامیشلۆ رایگەیاند: "داگرتنی ئاڵای کۆماری تورکیا لەسەر سنوور ئاژاوەگێڕییە؛ جێی سەرنجە ئەم کارە لە رۆژێکدا کراوە کە رۆژئاڤای کوردستان رووبەڕووی هێرشی داگیرکاری بووەتەوە."
کەجەکە ئەو رووداوە بە هەوڵێک بۆ تێکدانی کەشی دیالۆگ دەزانێت و دەڵێت: "ئەم ئاژاوەگێڕییە ئاراستە کراوە بۆ تێکدانی پرۆسەی ئاشتی و چارەسەری دیموکراتی کە رێبەر ئاپۆ (عەبدوڵڵا ئۆجەلان) بە ئارامییەوە بەڕێوەی دەبات."
بە بڕوای کەجەکە، شێوازی رووماڵکردنی رووداوەکە و لێدوانە فەرمییەکان بۆ "بڵندکردنەوەی شۆڤێنیزمی دژە کورد و بە ئامانجگرتنی دەم پارتییە" و ئاماژە بەوە دەکات: "وا دەردەکەوێت دەیانەوێت بەم شێوەیە رەوایەتی بە سیاسەتی دەوڵەتی تورکیا لە سووریا بدەن و پشتیوانیی کۆمەڵایەتی بۆ پرۆسەی ئاشتی تێکبدەن."
رۆژی سێشەممە 20ـی کانوونی دووەم، لە گردبوونەوەیەکی ناڕەزایەتیی فراکسیۆنی دەم پارتی لەسەر سنووری نسێبین دژی هێرشەکانی سەر رۆژئاوای کوردستان، ئاڵۆزی دروستبوو و چەند کەسێک ئاڵای تورکیایان لەسەر ستوونێک داگرت.
دوای رووداوەکە، دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە، دەم پارتی بە بەرپرسیار دانا و داوای لێکردن خۆیان یەکلایی بکەنەوە کە "لەگەڵ ئۆجەلانن یان دژی دەوەستنەوە". هاوکات یڵماز تونچ، وەزیری دادی تورکیا رایگەیاند، پەیوەست بەو رووداوە 14 کەس دەستبەسەر کراون.