بەرپرسێکی دەم پارتی خرایە گرتووخانە
رووداو دیجیتاڵ
ئایلا ئاککوش، بەرپرسی رێکخستنەکانی دەم پارتی لە ئیدر کە دەستگیرکرابوو، بە بڕیاری دادوەر زیندانی کرا.
چوار رۆژ دوای دەستگیرکردنی، ئایلا ئاککوش، ئەمڕۆ (شەممە، 22-2-2025) بە بڕیاری دادگەی ئیستەنبووڵ خرایە گرتووخانە و پرۆسەی دادگەییکردنی بەردەوام دەبێت.
ئۆپەراسیۆنەکە رۆژی 18-2-2025 لە چوارچێوەی لێپرسینەوەی داواکاری گشتیی ئیستەنبووڵ لە ئیدری باکووری کوردستان کرا.
تیمەکانی ئاسایشی ئیدر هەڵیانکوتایە سەر ماڵی ئایلا ئاککوش و دەستگیریان کرد.
بەگوێرەی ئەو راپۆرتەی لەبارەیەوە ئامادەکراوە، ئاککوش بە "هاوکاریکردن و ئەندامبوون لە رێکخراوی تیرۆرستیی چەکدار" تۆمەتبارکراوە، هەر لەبەر ئەو تۆمەتەش دەستگیرکراوە.
ئەو بەرپرسەی دەم پارتی بۆ لێکۆڵینەوە گواسترایەوە ئیستەنبووڵ.
لەم هەفتەیەدا لە 51 پارێزگای تورکیا و باکووری کوردستان، ئۆپەراسیۆن بەڕێوەچوون و زیاتر لە 300 کەس دەستگیرکران. ئەمڕۆش بە بڕیاری دادوەر 30 لەو دەستگیرکراوانە خرانە گرتووخانە.