باکرهان لەبارەی راپۆرتی پرۆسەی چارەسەری: ئەمە سەرەتایە

 
رووداو دیجیتاڵ

تونجەر باکرهان، هاوسەرۆکی دەم پارتی سەبارەت بە راپۆرتی هاوبەشی کۆمیسیۆنی پەرلەمانی تورکیا رایگەیاند، راپۆرتەکە بەو شێوەیە نییە کە پرسی کوردی تێیدا چارەسەر کرابێت، بەڵکو تەنیا دەسپێکێکە؛ ئاماژەی بەوەش کرد، ئەگەر کەموکوڕییەک هەبێت، دەبێت پەرلەمان بوێرانە هەنگاو بنێت و بڕیارەکانی دادگەی مافی مرۆڤی ئەورووپا و دادگەی دەستووری بنەڕەتی لە زووترین کاتدا جێبەجێ بکرێن.
 
رۆژی یەکشەممە 22ی شوباتی 2026، تونجەر باکرهان، هاوسەرۆکی دەم پارتی لە پارێزگای بەدلیسی باکووری کوردستان، لەگەڵ پەروین بوڵدان، ئەندامی شاندی ئیمرالی بەشدارییان لە بەرنامەی "کۆبوونەوەی ئازادی و ئاشتیی کۆمەڵایەتی" کرد و باسی هەنگاوەکانی تایبەت بە پرۆسەی چارەسەری کرد.
 
تونجەر باکرهان رایگەیاند، وەک دەم پارتی لەگەڵ هەندێک لە پێشنیازەکانی ناو راپۆرتەکە نەبوون و تێبینییان لەسەر هەندێکی دیکە هەبووە، هەروەها ناڕەزاییەکانی خۆیان لەو بارەیەوە پێشکێشی رای گشتی کردووە.
 
هاوسەرۆکی دەم پارتی هەروەها گوتی، "لە پەرلەمان کۆمیسیۆنیک پێکهێندرا و چەند بریارێک درا. هاوڕێیان بەشێک لە بابەتەکانیان پەسندکرد و ناڕەزاییان بەرامبەر بەشێکیان نیشاندا. ماوەی نیو سەدەیە هەموومان تاڵیی زۆرمان چەشت، لەم ناوچەیەدا خوێن رژا، تووندوتیژی هەبوو. ئیدی دەتوانین لە سەردەمێکی وەهادا پێشوازی لە یەکدی بکەین کە ئەو هەموو قوربانیدانەی رابردوو کۆتایی بێت. تورکیا شایستەی ئاشتییە، بەدلیس شایستەی ئاشتیە. ئەو 86 ملیۆنەی لە تورکیا دەژی، دەیەوی لە ئارامی و لە زەمینەیەکی دیموکراسیدا بژی. ئەرکی ئێمەش ئەوەیە ئەم ئاشتییە بە کۆمەڵایەتی بکەین و باسی بکەین".
 
باکرهان لە گوتارەکەیدا تیشکی خستە سەر بڕیارەکانی دادگەی مافی مرۆڤی ئەورووپا و دادگەی دەستووریی تورکیا و گوتی، بۆ جێبەجێکردنی بڕیارەکان دەبێت وەزارەتی ناوخۆی تورکیا بکەوێتە خۆ و دەستبەکار بێت.