هەدەپە بەربژێری سەرۆککۆماری تورکیا رادەگەیێنێت


رووداو دیجیتاڵ

هاوپەیمانیی رەنج و ئازادی بە سەرۆکایەتیی پارتی دیموکراتی گەلان - هەدەپە، بەربژێری خۆی بۆ پۆستی سەرۆککۆمار رادەگەیێنێت.   
 
بڕیارە هەدەپە لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا کە کاژێر 11:30 خولەکی ئەمڕۆ چوارشەممە 22ـی ئاداری 2023 لە ئەنقەرە سازدەدرێت، هەڵوێستی هاوپەیمانییەکەی سەبارەت بە بەربژێری سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا رابگەیێنێت.
 
هاوپەیمانیی رەنج و ئازادی بە سەرۆکایەتیی هەدەپە، تائێستا بەربژێری خۆی رانەگەیاندووە و ئاشکراشی نەکردووە لە هەڵبژاردنی 14ـی ئایاری ئەمساڵدا پاڵپشتی لە کام بەربژێر دەکات. 
 
لە تورکیا رۆژی 18ـی ئاداری 2023 رۆژژمێری هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی و پەرلەمانی و 19ی ئاداریش پێشکێشکردنی داواکاری بۆ بەربژێرانی سەرۆککۆمار دەستیپێکرد کە رۆژی پێنجشەممە 23ی ئادار کۆتاییدێت.
 
دوو بەربژێری سەرەکی بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی کۆمار هەن. یەکێکیان رەجەب تەیب ئەردۆغانی بەربژێری هاوپەیمانیی جمهوورە و ئەوی دیکەشیان کڵچدارئۆغڵوی بەربژێری هاوپەیمانیی میللەتە. 
 
هەردوو بەربژێریش لە هەوڵی بەرفراوانکردنی هاوپەیمانییەکانیاندان بە مەبەستی بەدەستهێنانی دەنگی زیاتر تاوەکو سەرکەوتن بەدەستبهێنن. 
 
کەمال کڵچدارئۆغڵو، سەرۆکی جەهەپە و بەربژێری هاوپەیمانیی میللـەت بۆ سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا رۆژی دووشەممە 20ی ئاداری 2023 بە یاوەریی شاندێک لە پەرلەمانی تورکیا سەردانی هەدەپەی کرد و دوای کۆبوونەوە لەگەڵ پەروین بوڵدان و میتحەت سانجار، هاوسەرۆکانی هەدەپە لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، "چارەسەری هەموو کێشەکان، بە کێشەی کوردیشەوە، لە پەرلەمانی تورکیایە."
 
هەدەپە خاوەن دەنگێکی زۆرە و لە دوایین هەڵبژاردنی پەرلەمانیدا کە ساڵی 2018 بەڕێوەچوو، 11.7%ی دەنگەکانی بردەوە و لە کۆی 600 کورسیی پەرلەمان 67 کورسی بەدەستهێنا، بەڵام متمانە لە سێ پەرلەمانتار بە ناوەکانی سەمرا گوزەل، لەیلا گوڤەن و موسا فارسئۆغوڵڵاری وەرگیراوەتەوە و ژمارەیەک پەرلەمانتاریش لە فراکسیۆنەکە دەرچوون. ئێستا خاوەنی 56 کورسییە. هەربۆیە هەڵوێستی هەدەپە کاریگەری لەسەر هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار دەبێت.