وەزارەتی بازرگانی: هەر کەسێک دوو مانگ بەشەخۆراک وەرنەگرێ، بەشێوەیەکی کاتی دەبڕدرێ


رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی بازرگانیی عێراق رێکارەکانی سزادان و بڕینی بەشەخۆراکی مانگانە تووندتر دەکات و لەو چوارچێوەیەشدا هەر کەسێک دوو مانگ بەشەخۆراکەکەى وەرنەگرێ، بەکاتى دەیبڕێ.  
 
وردەکاریی ئەو بڕیارە لەلایەن تاڵیب حەسەن نیعمە، بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی پلاندانان لە وەزارەتى بازرگانیی عێراقەوە بە میدیاى فەرمىی عێراق درا.
 
ئەو بەرپرسەى وەزارەتەکە رایگەیاند، هەر هاووڵاتییەک بۆ زیاتر لە دوو مانگ سەردانی بریکارەکەی نەکات بۆ وەرگرتنی بەشەخۆراکى مانگانە، بەشەخۆراکەکەی بە شێوەیەکی کاتی دەبڕدرێ و پاساوى ئەو بڕیارەشى بۆ ئەوە گەڕاندەوە گومان دەکرێ ئەو خێزانانە لە دەرەوەی وڵات بن یان پێویستیان بەو بەشەخۆراکە نەبێ.
 
زياتر لە 38 ملیۆن کۆبۆنى خۆراک لە عێراق هەن، خاوەکانیان دەتوانن لە رێگەیانەوە مانگانە بەشەخۆراک وەربگرن.
 
دلێر عەبدولواحید، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی بازرگانی و کەلوپەلی خۆراک لە هەولێر بە رووداوی راگەیاند: "ئەو بڕیارە و وردەکارییەکانمان هێشتا بە فەرمی پێ نەگەیشتووە''.
 
بەشەخۆراکى مانگانەى کەسى وەهمى، ئەوانەى لە دەرەوەى وڵات دەژین، ئەوانەى مووچەی سەرپەرشتیاری خێزانەکە زیاتر لە یەک ملیۆن و 500 هەزارە دەبڕدرێ، بەشێک لەو هەنگاوانە لە رێگەى بەئەلیکترۆنیکردنى کۆبوونى خۆراکەوە دەکرێ. 
 
بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی بازرگانی و کەلوپەلی خۆراک لە هەولێر گوتى: "لە ئەپلیکەشنی فۆرمی خۆراک زۆر گۆڕانکاری و نوێکاری هەیە. وەک ناردنی ئاماژە بۆ وەرگرتنی بەشەخۆراکی مانگانە، زیادکردن و لابردنی تاکەکان، بەڵام هێشتا کارا نەکراون.''