ئەردۆغان پێشوازی لە گەورەبازرگانێکی کوردی دانیشتووی ئەمریکا دەکات


رووداو دیجیتاڵ

حەمدی ئوڵوکایا، گەورەبازرگانی کوردی دانیشتووی ئەمریکا و خاوەنی براندی (چۆبانی) لەلایەن رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیاوە لە کۆشکی کۆماری لە ئەنقەرە پێشوازی لێکرا.
 
ئوڵوکایا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسی: "وەک سەرۆکی ئەنجوومەنی بازرگانیی ئەمریکا-تورکیا، لەگەڵ بەڕێز رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا کۆبووینەوە و هەڵسەنگاندنمان بۆ گوڕوتینی سەرنجڕاکێشی پەیوەندییە بازرگانییەکانی نێوان تورکیا و ئەمریکا کرد".
 
ئوڵوکایا سوپاسی ئەردۆغانی کردووە و نووسیویەتی: "ئامادەبوونی شاندەکەمان لێرە، بەڵگەیە لەسەر ئەوەی کە سەرکەوتنی تورکیا بۆ ئێمە چەندە پڕبایەخە".
 
وەبەرهێنانی چۆبانی
 
کۆمپانیای چۆبانی ساڵی 2025 بە وەرگرتنی وەبەرهێنانی 650 ملیۆن دۆلار، بەهاکەی گەیشتە 20 ملیار دۆلار. 
 
چۆبانی پلانی هەیە ئەو وەبەرهێنانە بۆ فراوانکردنی کارگەکەی لە ویلایەتی ئایداهۆی ئەمریکا بەکاربهێنێت و بەرهەمهێنان 50% زیاد بکات، هەروەها پلانی هەیە بودجە بۆ دامەزراوەکەی لە باکووری نیویۆرک دابین بکات کە بەهاکەی 1.2 ملیار دۆلارە.
 
براندی (چۆبانی) لە بوارەکانی دیکەشدا جموجووڵی بازرگانیی گەورەی هەیە، لەوانە کڕینی کۆمپانیای بەرهەمهێنەری ئامێری قاوەی لا کۆلۆمب (La Colombe) بە 900 ملیۆن دۆلار لە ساڵی 2023 و کڕینی کۆمپانیای دەیلی هارڤێست کە خواردنی بەستووی رووەکی دابین دەکات.
 
حەمدی ئوڵوکایا کێیە؟
دامەزرێنەر و بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای (چۆبانی)یە کە یەکێکە لەو کۆمپانیایانەی لە 10 ساڵی رابردوودا خێراترین گەشەی لەسەر ئاستی ئەمریکا کردووە.
 
ئوڵوکایا ساڵی 1972 لە شارۆچکەی (نەهالێ زەلال)ی سەر بە پارێزگای ئەرزنگانی باکووری کوردستان لە خێزانێکی بەرهەمهێنەری بەرهەمە شیرەمەنییەکان لەدایکبووە.
 
دوای ئەوەی بۆ فێربوونی زمانی ئینگلیزی چووە ئەمریکا، کارگەیەکی ماستی لە باکووری نیویۆرک کڕی و لە کەمتر لە پێنج ساڵدا فرۆشی ساڵانەی بۆ زیاتر لە 1 ملیار دۆلار بەرزکردەوە.
 
حەمدی ئوڵوکایا ساڵی 2014 لە کاتی هێرشی داعشدا لە رێگەی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە بڕی دوو ملیۆن دۆلار هاوکاریی بەخشییە ئاوارەکانی کۆبانێ.
 
لە ساڵی 2017 بەهۆی سەرکردایەتی لە جیهانی کار و کارەکانی لە بواری قەیرانی پەنابەران، لە لیستی 100 کەسایەتی گۆڤاری تایمی ئەمریکا هەڵبژێردرا.