سەرۆکی جەهەپە وەڵامی رەخنەکانی عەبدوڵڵا ئۆجەلانی دایەوە

رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی پارتی گەلی کۆماریی (جەهەپە) وەڵامی عەبدوڵڵا ئۆجەلان رێبەری زیندانیکراوی پەکەکەی دایەوە کە رەخنەی لێگرتبوو و گوتی، پێدەچێت مەبەستی لەو ئۆپۆزیسیۆنەی دوای گفتوگۆکردن لەگەڵ دەوڵەت بەڵێنیان داوە و جێبەجێیان نەکردووە و خاو بوونەتەوە، ئاکپارتی بێت کە ئەمڕۆ بووەتە پارتی دووەم. 
 
ئۆزگور ئۆزەل، ئەمڕۆ چوارشەممە 22ـی نیسانی 2026 دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ نوعمان کورتوڵموش، سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا، وەڵامی پرسیاری رۆژنامەڤانانی دایەوە. 
 
ئۆزەل وەڵامی ئەو رەخنانەی عەبدوڵڵا ئۆجەلانی دایەوە کە گوتبووی ئۆپۆزیسیۆن بە پێی پێویست پرۆسەکەی لە ئەستۆ نەگرتووە. 
 
سەرۆکی جەهەپە گوتی: "ئەگەرێکی بەهێز هەیە دەسەڵات دەستاودەست بکرێت. پێدەچێت مەبەستی لەو ئۆپۆزیسیۆنەی دوای گفتوگۆکردن لەگەڵ دەوڵەت بەڵێنیان داوە و جێبەجێیان نەکردووە و خاو بوونەتەوە، ئاکپارتی بێت کە ئەمڕۆ بووەتە پارتی دووەم، چونکە من هیچ بەرپرسێکی میتم نییە کە لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان کۆببنەوە".
 
ئۆزگور ئۆزەل، لە درێژەی قسەکانیدا گوتی، "پێشتر هیچ بەڵێنێکمان پێنەداوە تاوەکو لێی پاشگەز ببینەوە. پێموایە کاتێک دەڵێت ئۆپۆزیسیۆن پاشەکشە دەکات، لەو راستییەوە دەڵێت کە ئاکپارتی بووەتە ئۆپۆزیسیۆن. ئەگەر باسی ئۆپۆزیسیۆنێکی خاو دەکات، ئەوا باسی ئاکپارتی دەکات. وەک پارتێک کە بەرەو دەسەڵات هەنگاو دەنێین، هەرگیز لەو رێگەیەی دەیگرینەبەر پاشەکشە ناکەین".
 
پەروین بوڵدان، بریکاری سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا و ئەندامی شاندی ئیمراڵی دەم پاتی رۆژی 13ـی نیسانی 2026 لە دیمانەیەکدا لەبارەی هەڵوێست و چاوەروانیی عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە جەهەپە گوتی: "ئۆجەلان چەند جارێک نیگەرانیی خۆی لەبارەی گوشارە سیاسییەکانی سەر جەهەپە دەربڕیوە. ئۆجەلان چاوەڕوانی زیاتری لە جەهەپە هەیە و دەیەوێت جەهەپە هەنگاوی بوێرانەتری هەبێت لە پاڵپشتیکردنی پرۆسەی چارەسەری."