لێکۆڵینەوە لە دۆسیەی دۆسیەی گولستان چڕکرایەوە
رووداو دیجیتاڵ
وەزیرانی داد و ناوخۆی تورکیا دەڵێن، لێکۆڵینەوە لە دۆسیەی گولیستان دۆکو بە هەماهەنگیی بەهێزی سەرجەم دامودەزگاکانی دەوڵەت بەوردی بەڕێوەدەچن و بۆ ئاشکراکردنی راستییەکان کۆتایی لەم پرۆسەیەدا بەردەوام دەبن.
ئاکن گورلەک، وەزیری دادی تورکیا ئەمرۆ چوارشەممە 22ـی نیسانی 2026 لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس رایگەیاند: "کارەکانی چوارچێوەی لێکۆڵینەوە لە دۆسیەی گولیستان دۆکو بە هەماهەنگیی بەهێزی سەرجەم دامودەزگاکانی دەوڵەتمان بەوردی بەڕێوەدەچن".
وەزیر گورلەک دەڵێ، لەسەر بنەمای ئەوەی هیچ کەس و دەسەڵاتێک لە سەرووی یاساوە نییە، هەموو ئیدیعایەک بە جددی وەردەگیرێت و پرۆسەی دادوەری و ئیداری هاوکات و بە شێوەیەکی کاریگەر بەڕێوەدەچن.
وەزیری دادی تورکیا لە پۆستەکەیدا نووسیویەتی: "لە چوارچیوەی دیدگەی بەڕێز ئەردۆغان ـی سەرۆککۆمارمان، بۆ ئەوەی 'سەدەی تورکیا' بکەینە 'سەدەی دادپەروەری'، بە سووربوونەوە بەردەوام دەبین لە هەڵگرتنی هەموو هەنگاوێکی پێویست."
هەر ئەمڕۆ مستەفا چیفتچی، وەزیری ناوخۆی تورکیاش لەبارەی لێکۆڵینەوە لە دۆسیەی گولیستان دۆکو لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس روونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند: "ئەمڕۆ یاریدەدەرانی وەزیرانی ناوخۆ و داد لەگەڵ دامەزراوە و بەرپرسە پەیوەندیدارەکان لە دێرسم کۆبوونەوە. فەرماندەیی گشتیی جەندرمەمان لە چوارچێوەی کارەکانی گەڕاندا هاوکاریی تەکنیکی و لۆجستی پێشکێش دەکات."
مستەفا چیفتچی لە پۆستەکەیدا نووسیویەتی: "چوار سەرپشکنەری گشتیی کارگێڕی و دوو سەرپشکێنەری باڵای پۆلیس؛ بەوردی لێکۆڵینەوە دەکەن کە ئایا لەلایەن بەرپرسانی ئەو کاتەوە لە رووی ئیداریی و ئەمنییەوە هیچ کەمتەرخەمییەک هەبووە".
وەزیری ناوخۆ دەڵێ، "بەبێ ئەوەی هیچ ئیدیعایەک بێ وەڵام بهێڵینەوە و هیچ کەمتەرخەمییەک نادیدە بگرین؛ بۆ ئاشکراکردنی راستیی روون و کۆنکرێتی بە هەموو لایەنەکانیەوە، بە سووربوونەوە تاوەکو کۆتایی بەردەوام دەبین لەم پرۆسەیەدا".
گولستان دۆکو، کچە کوردێکی خەڵکی ئامەد بوو و لە زانکۆی دێرسیم دەیخوێند. لە 5ـی کانوونی دووەمی 2020، کاتێک تەمەنی 21 ساڵ بوو، دوای دەرچوونی لە بەشی ناوخۆیی زانکۆکە بێسەروشوێن بوو و تاوەکو ئێستا هیچ سۆراخێکی نییە.
رۆژی سێشەممە، 14ـی نیسانی 2026، دۆسیەکە وەرچەرخانێکی نوێی بەخۆیەوە بینی و 15 کەس دەستبەسەرکران. تائێستا 12 لە دەستبەسەرکراوەکان بە بڕیاری دادگە خراونەتە زیندانەوە و دووانی دیکەش بە مەرجی دادی ئازادکراون، لێکۆڵینەوەکانیش بۆ دۆزینەوەی چارەنووسی گولستان بەردەوامن.