سینان ئۆغان: لە گەڕی دووەمدا پشتگیری لە ئەردۆغان دەکەین
رووداو دیجیتاڵ
سینان ئۆغان، بەربژێری هاوپەیمانیی ئاتا داوای لە دەنگدەرانی کرد، رۆژی 28ی ئایار لە گەڕی دووەمی هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری تورکیا، دەنگ بە رەجەب تەیب ئەردۆغان، بەربژێری هاوپەیمانیی جمهوور بدەن.
لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا کە ئێوارەی رۆژی دووشەممە 22-5-2023 لە ئەنقەرە بەڕێوەچوو، سینان ئۆغان کە لە گەڕی یەکەمی هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری تورکیادا 5.1٪ی دەنگەکانی بردەوە، پشتگیریی خۆی بۆ رەجەب تەیب ئەردۆغان لە گەڕی دووەمی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا راگەیاند.
ئۆغان رۆژی هەینی، 19-5-2023 لەگەڵ ئەردۆغان کۆببووەوە، بەڵام تائێستا بە روونی و بە بەر چاوی میدیاکانەوە هیچ کۆبوونەوەیەکی لەگەڵ کڵچدارئۆغڵو نەکردووە، خۆی یەکلایی کردەوە. لە کۆنفرانسە رۆژنامەڤانییەکەدا ئۆغان گوتی: "هاوپەیمانیی میللەت ماوەی 20 ساڵە نەیتوانیوە سەرکەوتنێکی ئەوتۆ بەدەستبهێنێت. هەروەها نەیتوانی لەبارەی داهاتووی وڵاتەکەمان دڵنیایی بە لایەنی ئێمە بدات. لە هەمووشی گرنگتر ئەوەیە کە زۆرینەی پەرلەمانی نەبردووەتەوە."
سینان ئۆغان هەروەها بە پێویستی زانی ئەو گرنگی و بایەخەی بە پیشەسازیی بەرگری دەدرێت، بەردەوام بێت و دەوڵەتی تورکیا بەهێزتر بکرێت. هەروەها رایگەیاند، دەبێت ئەو سیاسەتەی ئێستا حکومەت لە ئابووریدا پەیڕەوی دەکات و تێڕوانینەکانی لە بابەتی سوود، پێداچوونەوەی بۆ بکرێت.
لە گەڕی یەکەمی هەڵبژاردنەکەدا رەجەب تەیب ئەردۆغان 49.5٪، کەمال کڵچدارئۆغڵو 44.8٪ و سینان ئۆغان 5.1٪ی دەنگەکانیان بەدەستهێنا.
هاوپەیمانیی ئاتا لە پارتە نەتەوەپەرستەکانی وەک زافەر، دادپەروەری، نیشتمان و هاوپەیمان پێکدێت.