هاوسەرۆکی دەم پارتی: پێشنیازەکەی دەوڵەت باخچەلی گرنگە

رووداو دیجیتاڵ

هاوسەرۆکی پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان- دەم پارتی دەڵێ، پێشنیازەکەی دەوڵەت باخچەلی سەرۆکی مەهەپە سەبارەت بە پێکهێنانی کۆمیسیۆنێک بۆ چارەسەرکردنی پرسی کورد لە پەرلەمانی تورکیا "گرنگە" و لەو چوارچێوەیەدا لەگەڵ پارتە سیاسییەکان کۆبوونەوە دەکەن.
 
ئەمڕۆ پێنجشەممە 22ـی ئایاری 2025 لە ناوەندی پارتەکە لە ئەنقەرە، ئەنجوومەنی ناوەندی دەم پارتی کۆدەبێتەوە.
 
تونجەر باکرهان، هاوسەرۆکی دەم پارتی، پێش دەستپێکردنی کۆبوونەوەکە، لەبارەی پرۆسەی چارەسەری پرسی کورد بە رۆژنامەڤانانی گوت: "تەنیا بنەمای ئەم پرۆسەیە دیموکراسییە. لە کۆمەڵگەیەکی دیموکراسیدا جێگەی چەک نییە. ئەگەر چەک قسە بکات، دیموکراسی نابێت و ئەگەر دیموکراسی هەبێت، چەک بێدەنگ دەبێت."
 
باکرهان ئاماژەی بەوەدا، پێشنیارەکەی دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە بۆ پێکهێنانی کۆمیسیۆنێک لە پەرلەمان "گرنگە" و گوتی:"ئێمەش لەم چوارچێوەیەدا لەگەڵ پارتەکان کۆدەبینەوە. ئەمڕۆ لەم هۆڵە دەستەکانی خۆمان کۆدەکەینەوە. بیروڕاکانمان تاوتوێ دەکەین و لە رۆژانی داهاتوودا بە رای گشتی رادەگەیێنین. هەموو کەسێک باوەڕی بە رۆڵی مێژوویی پەرلەمان هەیە."
 
دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە رۆژی یەکشەممە، یەکـی ئایاری 2025 لە هەژماری فەرمیی پارتەکەی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسی: ''بە راگەیاندنی بڕیاری چەکدانان و خۆهەڵوەشاندنەوەی رێکخراوی تیرۆریستیی جوداخوازی پەکەکە، چووینەتە قۆناخێکی هەستیار؛ قۆناخێک پێویستی بە پشوودرێژییە''.
 
باخچەلی راشیگەیاند، باشترین بژارە بۆ سەرخستنی پرۆسەکە ئەوەیە، لیژنەیەک لە پەرلەمانی تورکیا بە بەشداری و پاڵپشتیی هەموو پارتە سیاسییەکان پێکبهێندرێت.
 
سەبارەت بە بۆچوونی پارتەکان بۆ پێشنیازەکەی دەوڵەت باخچەلی، تونجەر باکرهان گوتی: "هەموو پارتە سیاسییەکانی کە سەردانیمان کردن، ئاماژە بە پەرلەمان دەکەن. دەبێت هەموو کەسێک پێشنیازەکانی خۆی بۆ چارەسەری پێشکێش بکات. تەنیا رەخنەگرتن بەس نییە، دەبێت هەموو کەسێک پێشنیازی چارەسەری بکات و لەگەڵ رای گشتی بەشی بکات. بە بڕوای من دەبێت رای گشتی بزانێت لەم پرۆسە مێژوویی و گرنگەدا کێ بیر لە چی دەکاتەوە."