لە تورکیا 68 یاریدەدەری وەزیر بە واژۆی ئەردۆغان دامەزران
رووداو دیجیتاڵ
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا واژۆی لەسەر دامەزراندنی 68 یاریدەدەری وەزیر کرد.
دوای 19 رۆژ لە راگەیاندنی کابینەی نوێی حکومەت، فەرمانی دامەزراندنی 68 کەس وەکو یاریدەدەری وەزیرانی حکومەتی تورکیا بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە 22-6-2023 لەلایەن ئەردۆغانەوە واژۆ کرا. ئەوەی زیاتر باسی لێوە دەکرا ئەو یاریدەدەرانە بوون کە بۆ محەممەد شیمشەک، وەزیری گەنجینە و دارایی بوو.
هەریەک لە عەبدوڵڵا ئەردەم جانتیمور، ئیسماعیل ئیلهان هاتیپئۆغڵو، عوسمان چەلیک و زەکەریا کایا بوونە یاریدەدەری وەزیری گەنجینە و دارایی.
بەگوێرەی لیستی یاریدەدەرانی وەزیرەکانی تورکیا، هەر وەزیرێک چوار یاریدەدەری هەیە. بۆ هەر 17 وەزیرەکە 68 یاریدەدەر دەستبەکاربوون.
رۆژی 3ی حوزەیرانی ئەمساڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا کە لە هەڵبژاردنی سەرۆککۆماریدا دووبارە سەرکەوتنی بەسەر کەمال کڵچدارئۆغڵو بەدەستهێنا، کابینەی نوێی کۆماریی راگەیاند کە لە یاریدەدەرەکەی و 17 وەزیر پێکهاتووە.
کابینەی نوێی حکومەتی تورکیا بەمشێوەیە:
- یڵماز تونچ، وەزیری داد
- ماهینور ئۆزدەمیر، وەزیری خێزان و کاروباری کۆمەڵایەتی
- ڤێدات ئشکهان، وەزیری کار و ئاسایشی کۆمەڵایەتی
- محەممەد ئۆزهاسەکی، وەزیری ژینگە و شارسازی و گۆڕانی کەشوهەوا
- هاکان فیدان، وەزیری دەرەوە
- ئاڵپئەرسڵان بایراکتار، وەزیری وزە و سەرچاوە سروشتییەکان
- عوسمان ئاشکن باک، وەزیری وەرزش و لاوان
- محەممەد شیمشەک، وەزیری گەنجینە و دارایی
- عەلی یەرلیکایا، وەزیری ناوخۆ
- محەممەد نوری ئەرسۆی، وەزیری کولتوور و گەشتوگوزار
- یوسف تەکین، وەزیری پەروەردە
- یاشار گولەر، وەزیری بەرگری
- فەخرەددین کۆجا، وەزیری تەندروستی
- محەممەد فاتیح کاجر، وەزیری پیشەسازیی و تەکنەلۆژیا
- ئیبراهیم یوماکلی، وەزیری کشتوکاڵ و دارستان
- عومەر بۆڵات، وەزیری بازرگانی
- عەبدولقادر ئوراڵئۆغڵو، وەزیری گواستنەوە و ژێرخان