تورکیا: مەترسیی تەشەنەسەندنی پێکدادانەکان گەیشتووەتە بەرزترین ئاست
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی دەرەوەی تورکیا لەبارەی هێرشەکەی ئەمریکا بۆسەر ئێران دەڵێت، مەترسیی تەشەنەسەندنی پێکدادانەکان گەیشتووەتە بەرزترین ئاست.
وەزارەتەکە ئەمڕۆ یەکشەممە 22ی حوزەیرانی 2025 لە ماڵپەری فەرمی خۆی راگەیێندراوێكی لەبارەی هێرشی ئەمریکا بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران بڵاوکردەوە.
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، "وەکو تورکیا، لە هەموو دەرفەتێکدا سەرنجمان بۆ مەترسییەکانی تەشەسەندنی ململانێکان و ناجێگیربوونی ژینگەی ئاسایش راکێشاوە کە بە دەستدرێژییەکانی ئیسرائیل لە ناوچەکە دەستیپێکردووە. هێرشەکەی ئەمڕۆ (22ی حوزەیران) لەلایەن ئەمریکاوە بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران، ئەو مەترسییەی گەیاندە بەرزترین ئاست."
تورکیا "نیگەرانیی قووڵی هەیە" لە ئەنجامە چاوەڕوانکراوەکانی هێرشەکەی ئەمریکا بۆسەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران و دەڵێت، "ئەو پەرەسەندنەی کە روودەدات، دەکرێت ببێتە هۆی ئەوەی ناکۆکیی ناوچەیی بگوازرێتەوە بۆ ئاستی جیهانی. ئێمە نامانەوێت ئەو سیناریۆیە کارەساتبارە بێتەدی."
لە راگەیێندراوەکەدا داوا لە سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەکان کراوە بەرپرسانە رەفتار بکەن، دەستبەجێ هێرشەکان لە هەردوو لاوە رابگیرێن و خۆیان بپارێزن لەو هەنگاوانەی دەبنە هۆی زیاتربوونی گیانلەدەستدان و وێرانکاری.
جەنگی نێوان ئیسرائیل و ئێران پێی نایە رۆژی دەیەم، بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە 22-06-2025 ئەمریکاش هاتە ناو جەنگەکە، کاژێر دەوروبەری 02:50 خولەکی بەرەبەیان دۆناڵد ترەمپ رایگەیاند، بە فڕۆکەی جەنگی و مووشەکەوە هێرشیان کردووەتە سەر بنکەی ئەتۆمیی فۆردۆ، نەتەنز و ئیسفەهانی ئێران و وێرانیان کردوون.
وەزارەتی دەرەوەی تورکیا پێیوایە دانوستاندن تاکە رێگەی چارەسەریی ناکۆکییە لەبارەی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران، داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکات پشتیوانی لە هەوڵەکان بکەن بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێکی دیپلۆماسی لە نێوان لایەنەکاندا.
وەزارەتی دەرەوەی تورکیا ئامادەیی وڵاتەکەی دەربڕیوە بۆ جێبەجێکردنی ئەو بەرپرسیارێتییەی کە دەکەوێتە ئەستۆی و بەشداریی بنیاتنەرانە پێشکێش بکات.