هاوسەرۆکی دەم پارتی لەبارەی پرۆسەی چارەسەری: زۆر بە سستی دەڕوات
رووداو دیجیتاڵ
هاوسەرۆکی دەم پارتی پێیوایە پرۆسەی چارەسەری زۆر بە سستی دەڕوات و دەڵێت، "پێویستە دەوڵەت ئێستا زیندانیانی سیاسی ئازاد بکات".
تولای هاتیمئۆغوڵڵاری، هاوسەرۆکی پارتی یەکسانی و دیموکراسی (دەم پارتی) لە کۆبوونەوەی پارتەکەی کە رۆژی یەکشەممە 22-6-2025 لە پارێزگای تەکیرداغی تورکیا بەڕێوەچوو، گوتارێکی پێشکێشکرد و باسی پرسی چارەسەری کرد.
هاتیمئۆغوڵڵاری گوتی، کاتێک لەگەڵ خەڵک و رۆژنامەڤانان کۆدەبنەوە، زۆرترین پرسیار ئاراستەیان دەکرێت پرۆسەی چارەسەرییە و گوتی: "زۆرترین پرسیار ئەوەیە کە دەڵێن، ئایا پرۆسەکە کێشەی بۆ دروستبووە؟ ناچێتە پێشەوە؟ وەستانێک هەیە؟"
هاوسەرۆکی دەم پارتی گوتی: "هاوڕێیان! ناتوانین بڵێین پرۆسەکە ئاستەنگی بۆ دروستبووە، بەڵام بەو خێراییە ناڕوات کە پێویستە. زۆر بە سستی دەڕوات. دوای بانگەوازەکەی بەڕێز ئۆجەلان و بەستنی کۆنگرەی پەکەکە، چاوەڕێ دەکەین پرۆسەکە خێراتر بێت. دەبێت خێرا بێت".
هاتیمئۆغوڵڵاری راشیگەیاند، چەندین هەنگاو هەن دەکرێ بنرێن و لە رێگەیانەوە پرۆسەکە خێراتر بێت.
هەروەها بە پێویستی زانی بڕیاری دادگەی مافی مرۆڤی ئەورووپا لەلایەن حکومەتی تورکیاوە جێبەجێ بکرێت؛ سەلاحەدین دەمیرتاش و هاوڕێکانی ئازاد بکرێن و بە گشتی زیندانیانی سیاسی ئازاد بکرێن.
سەلاحەدین دەمیرتاش رۆژی 4ـی تشرینی دووەمی 2016 بە تۆمەتی تیرۆر دەستگیرکرا و تاوەکو ئێستا لە گرتووخانەی ئەدیرنەیە.
دادگەی مافی مرۆڤی ئەورووپا تشرینی دووەمی 2018 داوای ئازادکردنی دەمیرتاشی کرد. بەڵام رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا ئەوکاتە گوتی:"ئەم بڕیارە ئێمە پابەند ناکات" و ئەنقەرە جێبەجێینەکرد.
وەزیرانی دەرەوەی ئەنجوومەنی ئەورووپا بڕیاریدا و بە پێویستی زانی دەمیرتاش ئازادبکرێت؛ هەروەها کانوونی دووەمی 2020یش بڕیارەکەی دووپاتکردەوە و رایگەیاند، تورکیا بە جێبەجێنەکردنی بڕیارەکە، پێشێلکاری کردووە.
تورکیا رۆژی 18ی ئایاری 1954 واژۆی لەسەر بەڵێننامەی مافی مرۆڤی ئەوروپا کردووە.
بەگوێرەی ئەو واژۆیە و دەستووری وڵاتەکەی، تورکیا دەبێت بڕیارەکانی دادگەی مافی مرۆڤی ئەورووپا راستەوخۆ و وەکو خۆیان جێبەجێ بکات.