پەرلەمانی تورکیا مانەوەی سەربازانی لە عێراق و سووریا درێژکردەوە

 
رووداو دیجیتاڵ

پڕۆژەبڕیاری سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا تایبەت بە درێژکردنەوەی مانەوەی سەربازانی وڵاتەکەی لە عێراق و سووریا بۆ 3 ساڵی دیکە و بۆ لوبنانیش بۆ 2 ساڵی دیکە لە کۆبوونەوەی گشتیی پەرلەمانی وڵاتەکەدا پەسند کرا.
 
رۆژی 30ی تشرینی یەکەمی 2025 مانەوەی سەربازانی تورکیا لە عێراق و سووریا کۆتایی دێت، سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا پرۆژەبڕیارێکی لەوبارەیەوە پێشکێشی سەرۆکایەتیی پەرلەمان کرد.
 
پرۆژەبڕیاری مانەوەی سەربازانی تورکیا لە عێراق و سووریا بۆ 3 ساڵ درێژکرایەوە و ماوەکە لە 30ی تشرینی یەکەمی 2025ـەوە دەستپێدەکات؛ هەروەها مانەوەی سەربازانی تورکیا لە لوبنان بۆ 2 ساڵی دیکە درێژکرایەوە.
 
هەریەک لە ئاکپارتی، مەهەپە، ئیی پارتی و رێبازی نوێ دەنگی 'بەڵێ'یان بە پرۆژەبڕیارەکە دا و هەریەک لە جەهەپە و دەم پارتی دەنگی 'نەخێر'یان دا.
 
رۆژی 20-10-2025 گوڵستان کڵچ کۆچیغیت، بریکاری سەرۆکی فراکسیۆنی دەم پارتی لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا گوتی، "دەنگی نەخێر بە پرۆژەبڕیارەکە تایبەت بە عێراق، سووریا و لوبنان دەدەین. درێژکردنەوەی مانەوەی سەربازان لەو وڵاتانە لەگەڵ پرۆسەی چارەسەری و دیموکراسی ناگونجێ و دژیەتی. تورکیا سیاسەتێک پەیڕەو دەکات کە لە پێداویستیی خەڵکەکەی دوورە."
 
کۆچیغیت ئەوەی بەبیرهێنایەوە کە ئێستا پرۆسەی چارەسەری بەڕێوەدەچێت و گوتی، "قۆناخێکی گرنگ لە چارەسەری دیموکراسیانەی کێشەی کورد تێپەڕێندراوە، بەڵام ناکۆکییەک لەنێوان ئەم پرۆسەیە و ئەو یاداشتانە هەیە کە بۆ دریژکردنەوەی مانەوەی سەربازان پێشکێشی پەرلەمان کراوە."
 
لەو پڕۆژەبڕیارەدا کە واژۆی رەجەب تەییب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیای لەسەرە، ئاماژە بەوە کرا بوو کە بەردەوامبوونی 'هەڕەشەی تیرۆر' لە ناوچە سنوورییەکانی باشووری تورکیا و سەقامگیرنەبوون، وەک مەترسی و هەڕەشە بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەیی، بەردەوامە.
 
مانەوەی سەربازانی تورکیا ساڵی 2014 بە بریاری ژمارە 2170 و ساڵی 2015 بە بریاری 2254 درێژکرایەوە.
 
بە گوێرەی ئامارە نافەرمییەکان، لە هەرێمی کوردستان و عێراقدا 2000 بۆ 2500 سەربازی تورکیا هەن.