ئەردۆغان: ناتوانین کۆبانێ لەبیربکەین

 
رووداو دیجیتاڵ

لەکاتی بەشداریکردنی لە کۆنگرەی رێکخستنەکانی ئاکپارتی لە پارێزگاکانی ئیسپارتا، بوردور، گوموشخانە، کاستەمۆنو و سینۆپ، سەرۆککۆماری تورکیا رایگەیاند، ئەوان رووداوەکانی کۆبانێ لەبیرناکەن. هەروەها رەتیکردەوە کە هاوئاهەنگی و سازش لەگەڵ جەهەپە بکەن. 
 
 رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا کە بە شێوەی ئۆنلاین لە ئیستەنبووڵەوە بەشداریی لە کۆنگرەکەدا کرد، لەبارەی ئەگەری ئازادکردنی ئەو کەسانەی بەهۆی بابەتی سیاسییەوە خراونەتە زیندانەوە رایگەیاند، ئاکپارتی هەرگیز بەرگریی لەوانە ناکات.
 
سەرۆککۆماری تورکیا باسی لەوە کرد، کەسانێک هەن بە باوەشکردن بە یاسادا دەیانەوێت بەرگری لەو کەسانە بکەن کە بەهۆی بابەتی سیاسییەوە خراونەتە زیندانەوە. 
 
ئەو گوتانە لە کاتێکدان، قسە لەسەر ئازادکرانی سەلاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆکی پێشووتری هەدەپە و هەدەپەییەکانی دیکە دەکرێت. هاوکات چاوەڕوانییەک بۆ ئازادبوونی عوسمان کاڤاڵای بازرگان هەیە کە بەهۆی رووداوەکانی گەزییەوە دەستگیرکراوە.