سەرۆکی هوداپار بۆ رووداو: با تەواوی کۆمیسیۆنەکە گوێ لە عەبدوڵڵا ئۆجەلان بگرێت نەک 5 کەس


رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی هوداپار بە رووداوی رایگەیاند: "ئەوان لە دژی دیداری عەبدوڵڵا ئۆجەلان نین، بەڵام دەیانەوێ هەر 51 ئەندامی کۆمیسیۆنەکە بەشدار ببن."
 
ئەمڕۆ شەممە، 22-11-2025، زەکەریا یاپجیئۆغڵو لەکاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی کاژێر 15:00ـی تۆڕی میدیایی رووداو کە هیڤیدار زانا پێشکێشی کرد، لەبارەی دەنگی (نەخێر)ی حیزبەکەی بۆ چوونی شاندێکی کۆمیسیۆنی پەرلەمانی تورکیا بۆ دوورگەی ئیمراڵی رایگەیاند، حیزبەکەی دژی گوێگرتن لە بۆچوونەکانی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی (پەکەکە) نییە.
 
دوێنێ کۆمیسیۆنی پاڵپشتیی نیشتمانی، برایەتی و دیموکراسی بە سەرۆکایەتیی نوعمان کورتوڵمووش، سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا بۆ تاوتوێکردنی بابەتی "رۆیشتن بۆ ئیمراڵی" کۆبووەوە و بڕیارەکە بە 32 دەنگ پەسندکرا، بەڵام هوداپار یەکێک لەو پارتانە بوو کە دەنگی (نەخێر)ـی بە بڕیارەکە دا.
 
زەکەریا یاپجیئۆغڵو لەبارەی هۆکاری دەنگی نەخێری حیزبەکەی بۆ بڕیارەکە گوتی: ''ئێمە لە کۆبوونەوەی کۆمیسیۆندا گوتمان کاتێک پێویستە گوێ لە عەبدوڵڵا ئۆجەلان بگیرێ، بۆچی تەنیا شاندێکی چوار یان پێنج کەسی پێکبهێندرێت و بچێتە ئیمراڵی؟''
 
سەرۆکی هۆداپار کە خۆی ئەندامی کۆمیسیۆنەکەیە رایگەیاند: ''کۆمیسیۆن لە 51 ئەندام پێکهاتووە و پێویستە سەرجەم ئەو 51 کەسە پێکەوە گوێبیستی ئۆجەلان بن، بۆ ئەوەی ئەگەر پرسیاریان هەبێ، دەرفەتێک بۆ ئەوانیش بڕەخسێت کە پرسیارەکانیان بکەن.''
 
لە دەنگدانەکەدا مەهەپە، ئاکپارتی، دەم پارتی، پارتی کرێکارنی تورکیا و پارتی رەنج بە (بەڵێ) دەنگیان دا، بەڵام هەریەک لە پارتی چەپ، پارتی دیموکرات و هوداپار بە (نەخێر) دەنگیان دا؛ جەهەپە و یەنیدەن رەفاهـ بایکۆتی دانیشتنەکەیان کرد و بەشداری دەنگدان نەبوون، پارتی رێگەی نوێش بێلایەن بوو.
 
زەکەریا یاپجیئۆغڵو ئاماژەی بەوە کرد، لە کۆبوونەوەی کۆمیسیۆندا دوو پێشنیاز هەبوون بۆ چۆنیێتیی دیدار لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان. ''یەکەم ئەوە بوو کە ئەو پێنج حیزبانەی خاوەنی فراکسیۆنن لە پەرلەمان، ئەندامێکی کۆمیسیۆنیان لە چوارچێوەی شاندێکدا بچێتە ئیمراڵی کە ئێمە پێمان باش بوو هەموو ئەندامانی کۆمیسیۆنەکە لە دیدارەکەدا بەشدار بن.''
 
سەرۆکی هوداپار ئەوەشی خستەڕوو: ''راستە زەحمەتە سەرجەم ئەندامانی کۆمیسیۆن بچن، بەڵام پێشنیازی دووەم پێشنیازی ئێمە بوو و گوتمان لە رێگەی ڤیدیۆ کۆنفرانسێکەوە هەموومان گوێ لە عەبدوڵڵا ئۆجەلان بگرین، نەوەک ئەوەی تەنیا 4 یان 5 کەس لە چوارچێوەی شاندێکدا بچنە ئیمراڵی.''  
 
لە کاتێکدا ئاکپارتی، مەهەپە و دەم پارتی پاڵپشتیی کۆبوونەوەی شاندێکیان لە کۆمیسیۆنەکە لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە لە دوورگەی ئیمراڵی کرد، هەڵوێستی جەهەپەـش کاردانەوەی لێکەوتووەتەوە کە رایگەیاند هیچ ئەندامێکی ناچێتە ئیمراڵی.
 
زەکەریا یاپجیئۆغڵو لەبارەی هەڵوێستی هوداپار گوتی: ''ئێمە ناڵێین عەبدوڵڵا ئۆجەلان نەخرێتە نێو پڕۆسەکەوە و گوێی لێ نەگیرێ، بەڵکو بەپێچەوانەوە دەڵێین، مادەم پرسەکە چەکدانانە، هەڵوەشاندنەوەی پەکەکەیە، پێویستە ئەو کەسەی چەکی لە دەستدایە قسە بکات، بەڵام نەوەک تەنیا لەگەڵ چوار یان پێنج ئەندامی کۆمیسیۆن.''
 
دەقی هەڤپەیڤینەکە:
 
رووداو: با لە بابەتی دەنگدانی ئێوە بۆ سەردانیکردنی شاندێک لە کۆمیسیۆنی پاڵپشتیی نیشتمانی، برایەتی و دیموکراسی بۆ دوورگەی ئیمراڵی و دیداری عەبدوڵڵا ئۆجەلان دەستپێبکەم. بەڕاستی زۆر لایەن چاوەڕێی ئەوە بوون ئێوە دەنگی بەڵێ بۆ چوونە ئیمراڵی بدەن، بەڵام گوتتان نەخێر. بۆچی ئێوە ناتانەوێ شاندێک بچێتە ئیمراڵی؟ بۆچی دژن؟
 
زەکەریا یاپیجیئۆغڵو: لەڕاستیدا دەبێ ئێمە شتێک راست بکەینەوە، لە بابەتی سەردانیکردنی ئیمراڵی بۆ گوێگرتن لە عەبدوڵڵا ئۆجەلان، زۆر لە پارتەکان پێداگرییان کرد و گوتیان دەبێت شاندێک سەردانی ئەوێ بکات و گوێی لێ بگرێت. ئێمەش لە کۆبوونەوەی کۆمیسیۆن دا گوتمان، مادام پێویستە گوێ لە عەبدوڵڵا ئۆجەلان بگیرێت، بۆچی دەبێت شاندێک لە 4-5 کەس پێکبهێنرێت؟ لەکاتێکدا کۆمیسیۆن 51 ئەندامی هەیە. گوتمان با تەواوی ئەندامانی کۆمیسیۆنەکە بەیەکەوە گوێی لێ بگرن، ئەگەر پرسیاریشیان هەبوو، با دەرفەت هەبێت بۆ ئەمە، ئەگەر ئەندامانی کۆمیسیۆنەکە هەموویان بڕۆنە ئیمراڵی، لەوانەیە هەندێک سەخت بێت، بەڵام ئەگەر لەڕێی ڤیدیۆکۆنفرانس بێت، رێگەی تێدەچێت تەواوی کۆمیسیۆنەکە گوێ لە عەبدوڵڵا ئۆجەلان بگرێت. لە کۆمیسیۆن دا دوو پێشنیاز هەبوون؛ یەکەمیان ئەوە بوو، هەر یەک لە 5 فراکسیۆنەکەی پەرلەمان، واتا ئاکپارتی، جەهەپە، دەم پارتی، مەهەپە و رێبازی نوێ هەریەکەیان ئەندامێک دیاری بکات و بکرێنە شاندێک بۆ سەردانیکردنی ئیمراڵی. یانیش پێشنیازی دووەم کە پێشنیازی ئێمە بوو؛ گوتمان با بکرێتە ڤیدیۆکۆنفرانس و هەر 51 ئەندامەکەی کۆمیسیۆن گوێ لە عەبدوڵڵا ئۆجەلان بگرن، ئەگەر پرسیاریشیان هەبوو، بپرسن. نەوەک بڵێین با عەبدوڵڵا ئۆجەلان گوێی بۆ نەگیرێت. مادام بابەت چەکدانانە، مادام بابەت هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە و هەڵدانەوەی لاپەڕەیەکی نوێیە، بێگومان ئەوەی چەکی لەدەستە، دەبێ قسە بکات. پێویستە گوتەکانی ئەویش بزانرێن، بەڵام هەمووان بن نەک 5 کەس گوێی لێ بگرێت، بەڵکو با تەواوی کۆمیسیۆنەکە گوێی لێ بگرێت.
 
رووداو: بەڵێ بەڕێز، ئایا هۆکارێک هەیە بۆ ئەوەی هەر پارتێک پێداگری بکات و شاند بنێرێتە ئیمراڵی؟
 
زەکەریا یاپیجیئۆغڵو: بە بڕوای من، هەر پارتێک بیانوو و هۆکارێکی هەیە و لەولاشەوە دەکرێ ئامانج شتێکی دیکە بێت، بۆ نموونە دەم پارتی دەڵێت، بۆ چارەسەریی پرسی کورد، عەبدوڵڵا ئۆجەلان نوێنەری تەواوی کوردانە. ئێمە دەڵێین دەبێ لەسەر ئەو بابەتە لەگەڵ دەوڵەت دانوستاندن لەگەڵ تەواوی کوردان بکرێت، دەتوانین بڵێین ئامانجی دەم پارتی بەمجۆرەیە. هەروەها لەبارەی ئامانجی مەهەپە، لە دوای راگەیاندنی چەکدانان و هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە، کەسانێک لە پەیەدە، یانیش باڵی پەکەکە، با بڵێین کەجەکە گوتیان ئەو بانگەوازە بۆ ئێمە نییە، هەروەها گوتیان ئێمە رێکخستنێکی جیاوازین. بە بڕوای من مەهەپە دەیەوێ بە روونی ئەمە لە دەمی ئۆجەلان ببیستێت و روونی بکاتەوە و بڵاوی بکاتەوە. تاوەکو بە پەیەدە یانیش هەسەدە بڵێ؛ ئێوە بۆ دروستکردنی دەوڵەتی نوێی سووریا، چەکدانانی ئێوەش لە بانگەوازەکەدایە و دەبێت ئێوەش گوێڕایەڵ بن. هەروەها داوایان لێ بکات ئەوان تێکەڵی حکومەتی شام ببنەوە. لەوانەیە بیانووی مەهەپە ئەمە بێت. ئێمەش گوتمان باشە، ئەگەر پێویست بوو، ئاکپارتی، مەهەپە و دەم پارتی کە ژمارەیان بەسە بۆ ئەوەی بڕۆنە ئیمراڵی، مادام شاند دەچێت و بابەتەکە چەکدانان و هەڵوەشاندنەوەی پەکەکەیە، مادام بابەتەکە کردنەوەی لاپەڕەیەکی نوێیە، دەکرێ گوێگرتن هەبێت، بەڵام پێمان باشە تەواوی ئەندامان گوێ بگرن، نەوەک 4 یان 5 کەس.
 
رووداو: بەرێز یاپیجیئۆغڵو، دیداری ئەو شاندەی دەچێتە ئیمراڵی و لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان گفتوگۆ دەکات، ئایا وردەکاریی ئەو دیدارە بە نهینی دەمێنێتەوە؟ یانیش بۆ رای گشتی ئاشکرا دەکرێ؟ ئایا لە کۆمیسیۆن دا باسی ئەم خاڵە کرا؟
 
زەکەریا یاپیجیئۆغڵو: دیدارەکە، ئەگەر بە نهێنیش بمێنێت و بۆ رای گشتی ئاشکرا نەکرێت، دیسانەوە دەبێت ئەو بابەتانەی گفتوگۆیان لەسەر کراوە، لە کۆمیسیۆن دا ئاشکرا بکرێن. پێویستە ئەندامانی کۆمیسیۆن راپۆرتی خۆیان لەسەر هەندیک بابەت بنووسن؛ بۆ نموونە چارەسەر چییە؟ یانیش چارەنووسی ئەوانەی چەک دادەنێن چی دەبێت؟ لەمبارەیەوە چ یاسایەک ئامادە دەکرێت؟هەر بۆیە پێویستە تەواوی ئەندامانی کۆمیسیۆن ئاگادار بن لەوەی لە ئیمراڵی باسی چی کراوە. من لەو باوەڕەدام ئەمە بە نووسراو بڵاو بکرێتەوە. 
 
رووداو: رەخنەیەکی دیکە ئاراستەی هوداپار دەکرێ، ئێمە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بینیمان زۆر کەس دەیانگوت، لەم بابەتەدا هوداپار کەوتە ریزی جەهەپە. ئەم رەخنەیە چۆن دەبینن؟ ئایا دەنگدەرانی ئێوە نیگەران نابن؟ 
 
زەکەریا یاپیجیئۆغڵو: ئاخر خۆ ئێمەش دەتوانین بڵێین دەم پارتی کەوتە ریزی مەهەپە، ئەگەر ئەمە راست بێت ئەوەی دیکەش راستە. 
 
رووداو: من ویستم بۆچوونی ئێوە لەمبارەیەوە وەربگرم 
 
زەکەریا یاپیجیئۆغڵو: مەبەست چییە، من بۆچی ئەمەم گوت؟ ئامانجی مەهەپە و دەم پارتی جیایە بۆ ناردنی شاندێک بۆ ئیمراڵی. هەریەکەیان هۆکاری خۆیان هەیە. بێگومان جەهەپە بابەتێکی دیکەیە لەگەڵ ئێمە. لەوانەیە لە کۆی هەزار پرسدا تەنیا لە 4 بۆ 5 پرس ئێمە هەمان بۆچوونی جەهەپەمان هەبێت. لەم بابەتەشدا پێموایە هۆکارمان جیایە. لەبارەی جەهەپە، گوتەیەک هەیە دەڵێ ئەگەر کاتژمێر لەکاریش بکەوێت، رۆژێ دوو جار راستی پێشان دەدا. جەهەپە هۆکاری دیکەی هەیە و بە هۆکاری جیا لە کۆبوونەوەی کۆمیسیۆن دەرچوو. کاتێک باسەکە هاتە سەر شێوازی سەردانیکردنی شاندەکە بۆ ئیمراڵی، جەهەپە ئامادە نەبوو و دەنگی نەدا. باشە ئێمە چۆن لەگەڵ جەهەپە کەوتینە هەمان ریز؟ جا ئەگەر جەماوەری دەم پارتی دەڵێن، پێشتر دەگوترا حکومەتی فاشیستی ئاکپارتی و مەهەپە، بەڵام ئێستا کەوتوونەتە هەمان ریز، ئەوکات جەماوەری ئێمەش ئەمە دەڵێن. 
 
رووداو: بەڕێز یاپیجیئۆغڵو، ئێوە لە نێو کۆمیسیۆنەکەدان و دەزانن دەبێ هەر پارتێک راپۆرتێک ئامادە بکات و پێشکێشی پەرلەمانی بکات. ئێوە وەکو هوداپار چ ئامادەکارییەکتان کردووە؟ دەتوانی بە کورتی پێمان بڵێی کە چ پێشنیازێک دەکەن؟
 
زەکەریا یاپیجیئۆغڵو: ئێمە هێشتا راپۆرتمان ئامادە نەکردووە، لە نێو خۆماندا کۆدەبینەوە. دوای سەردانی ئیمراڵی ئامادەی دەکەین، بۆ ئەوەی بزانین لەوێ چی روودەدا و چی دەگوترێت؟ بێگومان ئەمانە کاریگەرییان دەبێت. ئەوکات راپۆرت ئامادە دەکەین. سەرۆکی کۆمیسیۆن لە کۆبوونەوەکاندا بەردەوام دەڵێ: 'ئەم کۆمیسیۆنە کۆمیسیۆنی چارەسەرکردنی تەواوی کێشەکان نییە، کۆمیسیۆنی دەستوورێکی نوێ نییە. بەڵکو ئێمە بۆ مەبەستێک کۆدەبینەوە، پرسێکمان هەیە کە پرسی تیرۆر و توندوتیژییە، دەشڵێ ئەم پرۆسەیە پرسی دەوڵەتە و پێویستە ئێوە خەڵک قایل بکەن بۆ ئەوەی پرۆسەکە سەربکەوێت." ئێمەش دەڵێین، مادام ئەو پەرلەمانە و ئەو کۆمیسیۆنەش بۆ چارەسەرکردنی ئەو پرسە پێکهێنراوە، چ بابەتێکی پەیوەندیدار هەیە، پێویستە هەمووی گفتوگۆیان لەسەر بکرێت. هەر پارتێک، هەر فراکسیۆنێک و هەر ئەندامێک، پێشنیازی چییە لەبارەی چارەسەرکردن، با قسەی لەسەر بکرێت. بۆ نموونە ئەم پرسە نزیکەی 200 ساڵە هەیە، پەکەکە نزیکەی 40 ساڵە هەیە. ئەوکاتەی پەکەکە نەشبوو، پرسی کورد هەر هەبوو. ئەگەر سبەی پەکەکە خۆسی هەڵبوەشێنێتەوە، پرسی کورد؛ ئەگەر چارەسەر نەکرێ، هەر بەردەوام دەبێت. ئێمە دەڵێین بابەتەکانی چەکی پەکەکە، تووندوتیژی و شەڕی چەکداری دا چ روویدا، با بە تەواوی وردەکارییەوە بخرێنە بەر باس. کورد ئیدی لە شەڕ و توندوتیژی وەستاون. ئیدی مافی ژیانێکی شەرەفمەندانە و ئارامیان هەیە. لە راپۆرتەکەدا ئەمەش دەنووسرێت. لەو باوەڕەدام کاتێک راپۆرتەکەمان ئامادە دەکەین، ئەوانەی ئێستا دەڵێن هوداپار زیان بە پرۆسەکە دەگەیەنێت، ئەوکات شەرمەزار دەبن. ئێمە هیواخوازین و دەمانەوێت کورد ژیانێکی شەرەفمەندانە لە سەر ئەم خاکە بژی، پەنا بەخوا ئێمە لەو باوەڕەداین ئەمە بڕەخسێت. چونکە ئێمە دەڵێین کوردیش هاوشێوەی تورک ئەم کۆمارەی دامەزراندووە. کورد و تورک بەیەکەوە کۆمارەکەیان دامەزراند، بەڵام دواتر نکۆڵی لە بوونی کورد کرا و زمانیان قەدەخە کرا. ئەوەش بووە پرسێکی گەورە و زۆر کەس ستەمیان بینی و زۆر کۆمەڵکوژی روویدا. ئەوانەی کۆمەڵکوژییان کرد ئەمڕۆ لە هەمووان زیاتر خۆیان بەجۆرێک پێشان  دەدەن کە گوایە دەیانەوێت پرسەکە چارەسەر بکەن. بەڵام لەو باوەڕەدام ئەوان نەگۆڕاون. ئێمە پەنا بەخوا ئێمە لەڕێی سیاسییەوە ئەم پرسە چارەسەر دەکەین. هیوامان هەیە وبۆ ئەمە چی پێویستە ئامادەین. دەڵێن پێویستە بۆ چارەسوەری ئەم پرسە دەبێت دەستی خۆتان بخەنە ژێر بەرد. جا من دەڵێم، ئێمە ئامادەین سەری خۆمان بخەینە ژێر بەرد. پەنا بەخوا جارێکی دی ئاشتی ئارامی لە وڵات بەدی دێت. 
 
رووداو: زۆر سوپاس بەڕێز زەکەریا یاپیجیئۆغڵو، سەرۆکی هوداپار کە کاتی خۆتان بە ئێمە دا. سوپاس.