پەرلەمانی تورکیا بودجەی 2026ی پەسندکرد
رووداو دیجیتاڵ
پرۆژەیاسای بودجەی تایبەت بە ساڵی 2026 لە پەرلەمانی تورکیا پەسندکرا و رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا هیوای خواست ببێتە مایەی خێر و خۆشی.
پڕۆژەیاساکە شەوی رابردوو لەلایەن سەرۆکایەتیی پەرلەمانەوە خرایە دەنگدانەوە و 569 پەرلەمانتار دەنگیان دا؛ 320 پەرلەمانتار دەنگی بەڵێ و 249ــیان دەنگی نەخێریان دا.
هەریەک لە ئوزگور ئۆزەل، سەرۆکی جەهەپە؛ تولای هاتیمئۆغوڵڵاری و تونجەر باکرهان، هاوسەرۆکانی دەم پارتی؛ دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە؛ موساڤات دەرڤیشئۆغڵو، سەرۆکی ئیی پارتی و فاتیح ئەربەکان، سەرۆکی سەرلەنوێ رەفاهـ ئامادەی کۆبوونەوەکەی پەرلەمان بوون.
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا هیوای خواست پەسندکردنی بودجەی ساڵی 2026 لە پەرلەمانی تورکیا ببێتە مایەی خێر و خۆشی.
ئەردۆغان لە تۆڕی کۆمەڵایەتی بڵاویکردەوە: "هیوادارم پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵی 2026 بۆ وڵات، گەل و ئابووریمان ببێتە مایەی خێر و خۆشی. سوپاسی پەرلەمان و پەرلەمانتارانمان دەکەم کە لەم پرۆسەیەدا ئەرک و ماندووبوونی زۆریان کێشا".
پرۆژەیاسای بودجەی 2026 لەلایەن ئاکپارتی و مەهەپە بە جیدی پاڵپشتی کرا. پارتەکانی دیکە رەخنەیان لێی هەبوو.